لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، لە ناو هەموو ئاڵۆزییە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانی جیهاندا، یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین و تێڕاماوترین بەشەکانی وتارەکەی دۆناڵد ترامپ، تێڕوانینی ئەو بوو بۆ تەکنەلۆجیا و بەتایبەت بوارێک کە ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤایەتیی دەستبەسەردا گرتووە..زیرەکیی دەستکردە

ترامپ داوای کرد چەمکی «زیرەکیی دەستکرد» دەستکاری بکرێت و ناو بنرێت «زیرەکیی باڵا» (Superintelligence). ئەم پێشنیارە تەنیا گۆڕینی زاراوەیەک یان یاری سادەی وشەکان نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دانپێدانانی جیهانی بە هێز و کاریگەریی بێسنووری تەکنەلۆجیا لەرۆژگاری ئەمڕۆماندا.

لە کاتێکدا زۆربەی ناوەندە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنەکانی جیهان بەردەوام هۆشداری لە مەترسییەکانی زیرەکیی دەستکرد دەدەن بە  لەدەستدانی هەلی کارەوە تا دەگاتە هەڕەشە لەسەر کەلتوور و پەیوەندییە مرۆییەکان  ترامپ لە سەکۆی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕەخنەی لەو "ترسە زیادەڕۆییپێکراوە" گرت. ئەو هەوڵیدا هێزی ئەم تەکنەلۆجیایە وەک وەرچەرخانێک بپێوێت کە نەک هەر ناهێڵێت کۆمەڵگەکان دوا بکەون، بەڵکو دەکرێت ببێتە ئامرازێکی بنەڕەتی بۆ بڕیاردانی بەهێزتر و ئابوورییەکی گەشەسەندووتر.

بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە بۆ ڕای گشتی و ناوەندەکانی فکر و ڕۆژنامەگەری ئەوەیە ئایا داهاتووی مرۆڤایەتی بە بەکارهێنانی ناوی «باڵا» لە بەرهەمێکی دەستکردی مرۆڤدا پارێزراو دەبێت؟

وشەی "باڵا" لە ئاداب و فیکری سیاسی و فەلسەفیدا هەڵگری بارستەیەکی گەورەیە. کاتێک ئامرازێک یان سیستمێک دەکەینە "باڵا"، بە ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێین کە توانای چاودێریکردن، شیكردنەوە و پێشبینیکردنی ئەو لە توانا نەریتییەکانی مرۆڤ تێپەڕیوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەست دەکات بە جووڵاندنی پرسیارە ئەخلاقییەکان وەک:
 تا چەند ڕەوایە بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهان بەدەست سیستمێکەوە بن کە «باڵا» بێت بەڵام خاوەنی هەست و ویژدانی مرۆیی نەبێت؟

 ئایا وڵاتانی گەشەسەندوو و کەلتوورە دەوڵەمەندەکان دەتوانن لە بەردەم ئەم «زیرەکییە باڵایە»دا ناسنامە و سەربەخۆیی فکریی خۆیان بپارێزن؟

ئەم خاڵەی وتارەکەی ترامپ جارێکی تر بێدەنگیی ناوەندە ڕۆشنبیری و میدیاییەکانی شکاند. ئەوەی ئەمڕۆ ڕوو دەدات تەنیا یارییەکی تەکنیکی یان گەشەیەکی ڕووت لە بواری ئامێرەکاندا نییە، بەڵکو داهێنانی زمانێکی نوێیە بۆ بەڕێوەبردنی جیهان. ئەگەر میدیا و ناوەندەکانی هزری هاوچەرخ نەتوانن بە وردی و بە ئاگاییەوە پێشوازی لەم چەمکە نوێیانە بکەن و لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکەن ئەوا تەکنەلۆجیا سەرلەنوێ پێناسەی هەموو چەمکە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانمان بۆ دەکاتەوە.

چەمکی «زیرەکیی باڵا» رەنگە لەسەر زاری سیاسییەکاندا وەک دەستکەوتێک سەیر بکرێت، بەڵام بۆ جیهانی بیرکردنەوە و ڕۆژنامەگەری، دەستپێکی قۆناغێکی نوێی پڕ لە پرسیاری جدی و ئاڵۆزە لەسەر داهاتووی مرۆڤ.