خوێندنەوەیەک بۆ ڕەشنوسی یاسای ڕاستکردنەوەی دووهەمی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ
٣ی ئابی ٢٠٢٦
165
خوێندنەوەیەک بۆ ڕەشنوسی یاسای ڕاستکردنەوەی دووهەمی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨) ساڵی 2011
بەشی یەک
لەم ڕۆژانەدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی (ڕەشنوسی یاسای ڕاستکردنەوەی دووهەمی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە (١٨) ساڵی 2011.) یان کرد، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ خوێندنەوەی یەکەم و دووهەم و پاشان دەنگدان و پەسەندکردنی لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، وێنەیەک لە ڕەشنوسەکە لە لایەن هەندێ لە ئەندامانی لیژنەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرایەوە. بەباشم زانی هەندێ تێبینی یاسایی سەبارەت بە بڕگەکانی ئەو یاسا پێشنیارکراوە بخەمە بەرباس بۆ ئەوەی لە کاتی خوێندنەوەی یەکەم و دووهەم لە ئەنجوومەنی نوێنەران و پێش دەنگدان گۆڕانکاری پێویستی تێدا بکرێت.
١- ماددەی (١)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی یەکەم، بەندی (حەوتەم)ی ماددەی (١)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (کە پێناسەی دەستەواژەکان دەکات) هەڵدەوەشێنێتەوە کە بریتییە لە (کارمەند: ڕێپێدراوو ئەفسەری ڕیزو پۆلیس و فەرمانبەری شارستانی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ دامەزراوە ئەگەر ناونیشان یان پلەی فەرمانبەرێتییەکەی هەرچییەک بێت.)، و ئەم پێناسەیە بۆ کارمەندکرا (کارمەند: ڕێپێدراوو ئەفسەری ڕیزو پۆلیس)، ولەبەندی دووهەمی ماددەی (1)ڕەشنوسی ئەم یاسایە، بەندی (سی و دوو) زیاد دەکات بۆ ماددەی (1) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە پێناسەی (فەرمانبەری شارستانی) بەم شێوەیە دەکات (ئەو هەر تاکێک نێربێت یان مێ، ئەرکێکی شارستانی هەمیشەیی یان کاتی پێی سپێردرا لە ناو میلاکی وەزارەت). سەبارەت بە ماددەی یەکەمی ڕەشنوسەکە شتێکی باشە کە پێناسەکان جیاکراونەتەوەو فەرمانبەری شارستانی لە کارمەند جیاکردووەتەوە.
٢- لە ماددەی (٢)ی ڕەشنوسی یاساکە، ماددەی (3) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاندووەتەوە، وئەم دەقە جێیدەگرێتەوە (ماددەی/٣ حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت لەسەر:- یەکەم – پیاوی پۆلیس و فەرمانبەری شارستابی دامەزراو لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ، سەبارەت بەو ماف ئیمتییازاتانەی لەم یاسایە هاتووە لەگەڵ ڕەچاوکردنی سیفەتی شارستانی ئەرکەکانی بەپێی حوکمەکانی یاسای ڕاژەی شارستانی ژمارە (24) ساڵی 1960ڕاستکراوە. دووهەم- ئەوەی لە دوای 9/4/2003 شەهید بوو لە پۆلیس، یان بە شەهید دانرا بە فەرمانی دیوانی لە لایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە، یان ئەوەی شەهید بووە لەبەردەم دەرگاکانی سەنتەری خۆبەخشی - مراکز التطوع- لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەنجامی کردەیەکی تیرۆریستیدا. سێهەم- ئەوانەی وەکو پیاوی پۆلیس بە سیفەتی گرێبەست کار دەکەن.). سەبارەت بەم ماددەیە بە تایبەت ئاماژەکردن بە (گرێبەستەکان) هەنگاوێکی باشە بۆ دابین کردن و زامن کردنی مافەکانیان، وەهەروەها بەڕوونی ئاماژە دەکات بەو کەسانە لە ڕاژەن یان شەهیدبوونە.
٣- لە ماددەی (٣)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (پێنجەم) زیادکرا بۆ ماددەی (10) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە دەقەکەی بەم شێوەیە (پێنجەم- مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە پلەی (عەمید) بۆ سەرەوە بە پەیڕەوێک ڕێکدەخرێت کە وەزیر پێشنیاری دەکات و سەرکردەی گشتی هێزە چەکدارەکان پەسەندی دەکات، کە ڕێکارەکانی پلەبەرزکردنەوەو میکانیزمەکانی جیاکردنەوە لە نێوان شایستەبوواندا بە ڕەگەزی مێینەشەوە لە ئەفسەران بە شێوازێک کە دادپەروەری و یەکسانی دەرفەتەکان مسۆگەر بکات، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوەی لە بەندەکانی ئەم ماددەیە هاتووە.). ئەم ماددەیە بۆ ئەوە داڕێژراوە بۆ ئەوەی مەرجی (پایە) بۆ پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەر بۆ پلەی (عەمید) نەمێنێت، ، وە هەروەها مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە بۆ پلەی (لیوا بۆ سەرەوە) بە پەیڕەوێک ڕێکبخرێت، کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی باشە چونکە لابردنی مەرجی (پایە) بۆ پلەی (عەمید) دەرفەت دەدات بەو ئەفسەرانەی کە شایستەی پلەی (عەمید)ن بەڵام لەبەر نەبوونی (پایەی بەتاڵ) پلەکانیان بەرز نەدەکرایەوە، وە هەروەها مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوە بۆ پلەی (لیوا بۆ سەرەوە) بە شیوەیەکی دادپەروەرانە لە ڕێگەی پەیڕەوێک ڕێکبخرێت، لە هەمان کاتدا مەرجەکانی تری پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران ڕەچاوبکرێت، کە ئەمەش شتێکی باش و گونجاوە بە تایبەت ئاماژە دراوە بە ڕەگەزی مێ و یەکسانی دەرفەتەکان مسۆگەر بکرێت کە لە دەستووردا هاتووە، بەڵام پێویست بوو بەندی (چوارەم) لە ماددەی (١٠)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵبووەشێنرێتەوە بۆ ئەوەی هیچ ناکۆکییەک نەمێنێت لە نێوان بەندەکانی ماددەکەو ئەم بەندی (پێنجەم)ە بکرێتە بەندی (چوارەم).
٤- لە ماددەی (٤)ی ڕەشنوسی یاساکە، ماددەی (15) یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوەو ئەم دەقە وەکو ماددەی/15 جێی گرتووەوتەوە (ئەفسەری پسپۆر پێشخستنی پێ دەبەخشرێت بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ لە کاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر یان هاوئاستەکەی، و پێشخستنی پێ دەبەخشرێت بۆ ماوەی (2) دوو ساڵ لە کاتی بەدەستهێنانی بڕوانامەی دکتۆرا یان هاوئاستەکەی، لە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی پێویست لە وەزیرەوە بۆ خوێندنی داواکراو، بەپێی ڕێکارە کارپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەپێی مۆڵەتی خوێندن بە گوێرەی یاسا)، ئەم گۆڕانکارییە لەم ماددەیە کراوە شتێکی زۆر باشە کە مەرجی ڕەزامەندی وەزیر و مۆڵەتی خوێندنی کردووتە مەرجی پێشوەختەی پێدانی پێشخستنەکە، چونکە هەندێ حاڵەت هەبووە لە عێراق ئەفسەر یان کارمەند بەبێ ئاگاداری وەزیرو بەبێ مۆڵەتی خوێندن، خوێندنی بکالۆریۆس* یان ماستەر یان دکتۆرای تەواوکردووە پاشان هاتووە داوای راستاندن وچەسپاندن و پێشخستنی کردووەو بووەتە کێشە بۆیان، بۆیە چەسپاندنی مەرجەکانی ڕەزامەندی وەزیرو مۆڵەتی خوێندن لە دەقی یاساکە هیچ ڕێگەو دەرچەو دەسەڵاتێک بۆ کەس ناهێڵیتەوە بۆ ئەوەی کەسی لێ بەدەربکرێت یان چاوپۆشی لێ بکرێت. بەڵام پێویست بوو ئاماژە بدرێت بەو دەرماڵانە لە کاتی مۆڵەتی خوێندن دەبڕدرێت ئەویش دەرماڵەکانی (مەترسی- خواردن- پایە- ودەرماڵەی ٥٠٪ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا)، هەرچەندە کێشەو گرفت لە بڕینی دەرماڵەی خواردن وپایە نییە چونکە ئەو کەسە لە مۆڵەتی خوێندنە و هیچ لۆژیکی نییە ئەو دوو دەرماڵەیە پێ بدرێت، بەڵام بۆ دەرماڵەی (٥٠٪ هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا) و دەرماڵەی (مەترسی) پێویستە ئەم دوو دەرماڵەیە نەبڕدرێن چونکە لە کاتێکدا باسی ڕێکارە کارپێکراوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێت پێویستە پابەندبیت بەهەموو خاڵەکان، و لەبەر ئەوەی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەرماڵەی ڕاژەی زانکۆیی لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نابڕدرێت ئیتر بۆ وەزارەتی ناوخۆ بۆ ببڕدرێت؟ پێویستە یاسادانەر ڕەچاوی یەکسانی ودادپەروەری بکات. وە هەروەها دەرماڵەی (مەترسی) پێویستە ئەویش لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نەبڕدرێت چونکە بە لەچاوگرتنی سروشتی کارو پیشەی ئەفسەران وکارمەندانی ئاسایشی ناوخۆ هەمیشە لە مەترسیدان تەنانەت ئەگەر لە مۆڵەتی خوێندنیش بن، بۆیە پێویستە وەکو پرەنسیپی دادوەری و یەکسانی، ئەو دەرماڵەیە لە کاتی مۆڵەتی خوێندن نەبڕدرێت.
ماوەتەوە ئەوە بڵێێن، ڕەشنوسی یاساکە باسی چارەنوسی ئەوانەی کە بێ ڕەزامەندی وەزیرو بەبێ مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەی بکالۆرێۆس یان ماستەر یان دکتۆرایان بەدەستهێناوە یەکلایی نەکردووەتەوەو پێویست بوو چارەنووسیان دیاری بکریت یان بە ئەژمارکردن یان ئەژمارنەکردنی بڕوانامەکانیان.
*بۆ بکالۆریۆس لە یاسادا پێشخستنی نییە، تەنها دەرماڵەی بڕوانامە لە مووچەکەی زیاد دەکات، وە دەکرێت لە داهاتوودا لەگەڵ بوونی مەرجەکانی تردا بەشداری خولی ئەفسەران بکات.
بەشی دوو
٥- ماددەی (٥)ی ڕەشنوسی یاساکە بەندێک بۆ ماددەی (16)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ زیاد دەکات و دەبێتە بەندی (حەوتەم) کە دەقەکەی بەم شێوەیە (حەوتەم: کارکردن بەهەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ (ئیمرە) هەڵدەوەشێتەوە لە هەر جێگەیەک لە یاساکە یان پەیڕەوەکان یان ڕێنماییەکان تایبەت بە وەزارەت هاتبێت.)، زیادکردنی ئەم بەندەو هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە هەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارکێڕی ئەفسەران - واتە هەواڵە بۆ ئیمرە- یەکێکە لە کارە باشەکانی ئەم یاسایەیە چونکە هەواڵەکردن بۆ ئیمرە لە دەقی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ نییە، بەڵکو دیارە وەزارەتی ناوخۆ بە پەیڕەوێک یان ڕێنماییەک بڕیاری هەواڵەکردنی ئەفسەران بۆ بەڕێوەبەرایەتی کارکێڕی ئەفسەران (ئیمرە)ی ڕێکخستووە، وە دیارە چەند هۆکارێک هەیە بۆ هەواڵەکردنی ئەفسەر بۆ ئیمرە کە هەندێ جار بە بیانووی جۆراوجۆر ئەو کارە کراوە کە بووتە هۆی ستەم و نادادپەروەری بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، بۆیە کە بە دەقی یاسا ئەم هەواڵەکردنە هەڵوەشاوەتەوە شتێکی زۆر باشە و تەواوکەری خاڵی (3) ئەم خوێندنەوەیە کە مەرجی پایەی لابرد بۆ پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەر بۆ پلەی (عەمید).
٦- لە ماددەی (6) ڕەشنوسی یاساکە دەقی ماددەی (٢٤)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵوەشاوەتەوەو ئەم دەقە جێی گرتووە (ماددەی/24 یەکەم: وەزیر بە ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە پلەی (ملازم) ببەخشێت بۆ مەبەستەکانی خانەنشینی بەو کارمەندەی شەهید دەبێت یان تووشی پەککەوتنی تەواو دەبێت. دووهەم: پلەی بریندار لە ئەنجام کردەیەکی تیرۆریستی بەرزدەکرێتەوە بۆ پلەیەک بەرزتر ئەگەر ڕێژەی پەککەوتنەکەی (50٪)و بەرەو سەرەوە بوو بۆ یەک جار لە پلەکەی ، بەدەر لە مەرج و ڕێسا دەقنوسکراوەکان لە ماددەی (10) لە یاسا جگە لە مەرجی تێپەڕبوونی ماوەی بجوک - المدة الاصغرية- لە دوای کارپێکردنی ئەم یاسایە). سەبارەت بە بەندی یەکەمی ماددەی ٢٤ی ڕەشنوسی یاساکە کە هەمان ماددەی ٢٤ی یاسای ڕاژەو خانەنشینە تەنها دوو ووشەی بۆ زیاد کراوە کە (بەمەبەستەکانی خانەنشینی)یە، ئەمەش زیاتر دەقی یاساکە ڕوون دەکاتەوە، چونکە کارمەند کاتێک تووشی پەککەوتنی تەواو دەبێت بەپێی یاسا دەبێت خانەنشین بکرێت پاڵپشت بە ماددەکانی (36 و 49) لە یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، بۆیە کاتێک پلەی (ملازم)ی پێ دەبەخشرێت دوو دیوی هەیە، یەکەم مەعنەوی کە وەکو ئەفسەر خانەنشین دەبێت، دووهەم ماددییە کە ماف و ئیمتییازاتی خانەنشینی وەکو ئەفسەر وەردەگرێت، بۆیە ئەم ڕاستکردنەوەیە بە باشی دەزانین. سەبارەت بە بەندی دووهەمی ماددەی ٢٤ی ڕەشنوسەکە کە باسی پلەبەرزکردنەوەی بریندار لە ئەجامی کردەیەکی تیرۆریستی دەکات بۆ پلەیەک بەرزتر لە پلەکەی خۆی و تەنها بۆ یەک جار بەدەر لە مەرج و ڕێساکانی ماددەی ١٠ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ جگە لە تێپەڕبوونی ماوەی بچوک، ئێمە وای دەبینین لەبەر ئەوەی ووشەی (بریندار) بە ڕەهایی هاتووە واتە دەکرێت ئەفسەر بێت یان کارمەند، بۆیە پێویستە جگە لە ئاماژەکردن بە ماددەی (10) کە تایبەتە بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، ئاماژەبکرێت بە ماددەی (23)یش کە تایبەتە بە مەرجەکانی پلەبەرزکردنەوەی کارمەندان، بۆ ئەوەی ئەم ئیمتییازە بە ڕوونی کارمەندانیش بگرێتەوە، وە هەروەها لە دوای ووشەی (بریندار) بنوسرێت (ئەفسەر بوو یان کارمەند)، و گۆڕینی ووشەی (پلەکەی - رتبتە) بۆ ووشەی (ڕاژەکەی - خدمتە) چونکە وووشەی (پلەکەی) لەو شوێنە واتاکەیە ناگونجێت بەڵکو باشترو ڕاستترە بکرێتە (ڕاژەکەی).
بەشی سێ
7- ماددەی (7)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (دووهەم)ی ماددەی (35)ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی هەڵوەشاندەوەتەوەو ئەم دەقەی خستووەتە جێگەی (دووهەم: سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆی هەیە لە سەر پێشنیاری وەزیر ڕاژەی ئەو ئەفسەرانەی گەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی درێژبکاتەوە بۆ ماوەی (1) یەک ساڵ بەپێی پێویستییەکانی بەرژەوەندی گشتی.)، شیاوی ووتنە دەقە کۆنەکەی یاساکە هەمان ئەم دەقە بوو تەنها جیاوازییەکەی ئەویە کەوا ئەو (1) یەک ساڵەدا کە درێژ دەکرێتەوە شیاوی نوێکردنەوەیە، واتە ئەکرێ ببێتە (2) دوو ساڵ، بەڵام لەم ڕەشنوسە ئەوە لابراوەو درێژکردنەوەکە تەنها بۆ (1) یەک ساڵ دەبێت، ئێمە پێمان وایە ئەم کەمکردنەوەیە باش نییە چونکە– بە شێوەیەکی گشتی- ئەوەی ڕاژەی زۆربێت لە بواری کارەکەی شارەزاییەکی باشی دەبێت و ئەگەر بەرژەوەندی گشتی پێویستی کرد ڕاژەکەی بۆ درێژبکرێتەوە چونکە ئەو ئەزموونی کەڵەکە بوی هەیەو دەتوانرێت سوودی لێببینرێت، بۆیە وای دەبینین نەک تەنها (1) ساڵ بەڵکو ئەگەری نوێکردنەوەی بکرێتە دوو جار لە کاتی پێویستدا. جگە لەوە ئێمە پێمان باشە تەمەنی خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆو سەرجەم فەرمانبەرانی دەوڵەت بکرێتەوە (63) شەست و سێ ساڵ بەمەبەستی سوودبینین لە شارەزاییو ئەزموونی ساڵانی ڕاژەیان، وە کاتێک تەمەنی خانەنشین کرا بە (60) شەست ساڵ ئەوە لە بارودۆخێکی تایبەت بوو، و ئێستا زۆر وەڵات هەیە تەمەنی خانەنشینی بەرزکردووتەوە بۆ ئەو مەبەستە، باشترە ئێمە سوودو کەڵک وەربگرین لە ئەزموونی ئەوانی تر، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە کە هەر کەسێک ئارەزووی خۆخانەنشینی بوو ئەوە دەتوانێت پێش ئەو تەمەنە خۆی خانەنشین بکات ئەوە دەرفەتی هەیە، وەکو ئەوەی لە خاڵی داهاتوودا باسی دەکەین.
8- لە ماددەی (8)ی ڕەشنوسی یاساکە، بەندی (یەکەم)ی ماددەی (41) لە یاسای ڕاژەو خانەنشینی هەڵوەشاندەوەتەوەو ئەم دەقە جێگەی گرتووتەوە (یەکەم: أ- بەدەر لە حوکمەکەنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە/9 ساڵی/2014 ڕاستکراوە، پیاوی پۆلیسی هەواڵەکراو بۆ خانەنشینی شیاوی مووچەی خانەنشینە ئەگەر (15)پانزە ساڵ بەرەو سەرەوە ڕاژەی خانەنشینی هەبوو، وە مووچەی خانەنشینی بۆ سەرف ناکرێت تاوەکو (40) چل ساڵی تەمەنی تەواو نەکات، وە ئەگەر ڕاژەی خانەنشینیەکەی کەمتر بوو لەوە، ئەوە پاداشتی خانەنشینی پێدەدرێت. ب- مووچەی پیاوی پۆلیسی هەواڵکراو بۆ خانەنشینی بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە، بڕی دەرماڵەی خواردن دەخرێتە سەری، کە لە خشتەی پاشکۆی یاسا دەقی لەسەر دراوە.)، لە ڕاستیدا ئەم دوو بڕگەی بەندەکە، کرۆکی سەرەکی ڕەشنوسی یاساکەن و زۆرترین قسەو باسیان لەسەرکرا بە تایبەت مووچەکە، وە پێشتر ڕەشنوسێکی تر ئامادەکرابوو، تەنانەت فەرمانگەی یاسای وەزارەتی ناوخۆ خشتەی تایبەتی مووچەی پیاوی پۆلیسی هاوپێچ نوسراوێک کردبوو لە ٢٢/7/2024 لەگەڵ ڕەشنوسی یاساکەو نێردرا بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت بە مەبەستی گفتوگۆ، وە لەو ڕەشنوسە دەرماڵەی مەترسی خرابووە سەر مووچەی بنەڕەتی (الراتب الاسمي) کە ئەفسەرانو کارمەندان لە کاتی دەوام وە لە کاتی خانەنشینی سوودیان دەبینین لەو جیاوازییەی مووچەکەیان، وە ئەفسەران و کارمەندان هیوایەکی زۆریان هەڵچنیبوو لەسەر ئەوە، بەڵام سەرەڕای چاوەڕوانییەکی زۆرو دواکەتنی زۆر ئێستا ئەم ڕەشنوسە جێگەی گرتووەتەوەو دەرماڵەی مەترسی نەک نەخراوەتە سەر مووچەی بنەڕەتی بەڵکو تەنها دەرماڵەی خواردن دەخرێتە سەر مووچەی خانەنشینی، واتە مووچەی خانەنشینییەکەی هەر جەند دەرچوو – بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو- ئەوە بڕی (330.000) سێ سەدو سی هەزار دینار دەچێتە سەر مووچەکەی، ئەمەش بێ ئومێدییەکی گەورەی دروست کرد چونکە مووچەی بنەڕەتی ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ وەکو پێویست نییە تەنها دەرماڵەکانن وا هەندێ مووچەیان بەرز دەکاتەوە، بەڵام لە کاتی خانەنشین لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی مووچەی خانەنشینیان ئەژماردەکرێت، کە ئەمەش وا دەکات مووچەی خانەنشینیان وەکو پێویست نەبێت، هەر چەندە ئەم دەرماڵەی خواردنە مووچەی خانەنشینیان کەمێک زیاد دەکات بەڵام وەکو پێویست نییە وە لە کاتی دەوام و خزمەتدا سوودی لێ نابینن لەبەر ئەوەی ناخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتییان، بۆیە باشتر وا بوو وە لەبەر ئەوەی دەرماڵەی مەترسی نەخرایە سەر مووچەی بنەڕەتی وەکو لە ڕەشنوسە کۆنە هاتبوو، ئێستا دەرماڵەی خواردن بخرێتە سەر مووچەی بنەڕەتی نەک لە کاتی خانەنشینی بخرێتە سەر کۆی مووچەی خانەنشینییان، وە دەکرێ وەکو ڕێزێک لەوەی چەندین ساڵ ژیانیان لە مەترسی بووە بۆ دابین کردنی ئارامی و ئاسایش بۆ هاووڵاتییان و نیشتیمان بڕێ پارە (250.000) دوو سەدو پەنجا هەزار دینار وەکو پاداشتی مانگانە بخرێتە سەر کۆی مووچەی خانەنشینییان.
شیاوی باسکردنە، سەبارەت بە خانەنشینی ئاەرەزوومەندانە لە تەمەنی (40) چل ساڵ بەرەو سەرەوە شتێکی باشە بۆ ئەوانەی (15) پانزە ساڵ ڕاژەی خانەنشینییان هەیە و ئارەزووی خانەنشینن، بەڵام دیوێکی تری هەیە، کە ئەمانەی لە تەمەنی (40) چل ساڵییەوە خانەنشین دەبن بە شێوەیەکی تر دەبنە بێکار و بەدوای کاری تردا دەگەڕێن و دەبنە ڕکابەر بۆ ئەوانەی بێکارن لە هەموو چینوتوێژەکان وە ڕەنگە کاریگەری نەرینی هەبێت لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکارەکان.
9- ماددەی (9) رەشنوسی یاساکە، بەندێک زیاد دەکات بۆ ماددەی/49ی یاسای ڕاژەو خانەنشینی و دەبێتە بەندی (سێهەم) بۆی، کە دەقەکەی بەم شێوەیە (سێهەم: ئونجوومەنی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی پیاوی پۆلیسی مردوو یان پێکراو یان بریندار پێکدەهێنرێت بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی مردنەکە یان برینەکە یان پێکانەکە ئەنجامی ڕاستەوخۆی دەرئەنجامی ئەرکەکەی بووە، بەمەرجێک پاڵپشتکرابێت بە ڕاپۆرتی پزیشکی کە بیسەڵمێنێت پەیوەندی هۆکاری بووە لە نێوان مردنەکە یان پێکانەکە یان برینەکە، و بڕیاری ئەنجوومەنەکە لەم بارەیەوە پابەندکەرە بەپێی حوکمەکانی یاسا.)، سەبارەت بەم بەندە دوو تێبینیمان هەیە، یەکەم: باشتر وایە وڕوونبکرێتەوە بوونی (پەیوەندی هۆکاری – العلاقة السببية) لە نێوان مردن یان پێکان یان برین لەگەڵ چی؟ کە ئەم کەلێن و بۆشاییە پێویستە پڕ بکرێتەوە، کە پێم وایە بنوسرێت (لەگەڵ ئەرکەکەی). دووهەم: زیادکردنی ڕێکاری یاسای و کارگێڕی بۆ ڕێکارەکانی هەواڵەکردنبۆ خانەنشینی لە دیوێکی ئەرکێکی زیادەیە بۆ پیاوی پۆلیس یان بۆ پاشگرانی، لە دیوێکی تر هەنگاوێکە بۆ دڵنیابوون لەوەی کەسانی شایستە بەم شیوەو ڕێکارە خانەنشین ببن.
١٠- ماددەی (١0) ڕەشنوسی یاساکە، ماددەیەکی زیادکردووە بۆ یاسای ڕاژەو خانەنشینی و بووەتە ماددەی (57- دووبارە) کە دەقەکەی بەم شێوەیە(ماددەی- دووبارە/ حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت لە سەر پیاوی پۆلیس لە وانەکاردەکەن بە سیفەتی گرێبەست و بەردەوامە لە ڕاژە تاوەکو جێگیردەکرێت لەسەر میلاکی هەمیشەیی کاتێک مەرجەکانی دامەزراندنی دەقنوسکراوەکانی ئەم یاسایەی تێدا بوو و پلەی وەزیفی بەردەست بوو، وە پێشەنگی بۆ ئەوە لە کاتی جێگیرکردن.)، ئەم ماددەیە سەبارەت بە جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای ڕاژەو خانەنشینە لەسەر (گرێبەستەکان) تاوەکو جێگیردەکرێن و چۆنێتی جێگیرکردنیان لەسەر میلاکی هەمیشەیی وەزارەت ، کە شتێکی گونجاوو باشە بۆ ئەوەی بەدەقی یاسا مافی (گرێبەستەکان) پارێزراوبێت چ لە کاتی کارکردنیان بە (گرێبەست) یان بە (هەمیشەیی).
بە هیوای ئەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان (بە تایبەت ئەنجوومەنی نوێنەران)سوود لەم خوێندنەوەیە وەربگرن و خاڵە پۆزێتیڤەکان باشتر بکەن و خاڵە نەگەتیڤەکان چارەسەر بکەن پێش ئەوی دەنگی لەسەر بدرێت و ببێتە یاسا.




