محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ  یەكەمجار وردەكاریی چەند سەعاتی دوای كوژرانی عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران لە 28ی شوباتدا ئاشكراكرد و دانی بەوەدا نا  كە دەسەڵات ترسی لە كاردانەوەی شەقام هەبووە.

بەپێی لێدوانەكانی قالیباف لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی پەرلەمان، لێپرسراوانی باڵای ئێران نزیكەی سەعاتێك دوای بۆردومانی بارەگای خامنەیی دڵنیابوونەتەوە لە كوژرانی ناوبراو.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لە كۆبوونەوەیەكدا كە سەعات 8ی ئێوارە بە ئامادەبوونی كەسایەتییە دیارەكان لەوانە عەلی لاریجانی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی كە دواتر لە بۆردومانێكی ئەمریكادا كوژرا بەڕێوەچوو، بەوتەی قالیباف بڕیار بوو هەواڵەكە سەعات8ی بەیانیی رۆژی دواتر بۆ رایگشتی رابگەیەندرێت تا بتوانن لیژنەیەك پێكبهێن بۆ بەڕیچوەبردنی وڵات بە كاتی.

بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە لەلایەن میدیاكانی دەرەوە، پلانەكە پێچەوانەبووەتەوەو ناچاربوون زووتر هەواڵەكە بۆر رایگشتی ئاشكرا بكەن.

قالیباف ئاماژەی بەوەداوە، سەعات 1ی شەو پەیوەندی بە لاریجانییەوە كردووە و دوای هەڵسەنگاندنی دەیان هاوكێشەی ئەمنی، بڕیاریانداوە هەواڵەكە لە كاتی زووتر بڵاوبكەنەوە. 
راشیگەیاندووە، ئەوان بەرپرسیارێتییە كەسییەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی رەنگە پاشان پرسیاریان لێ بكرێت بە چ دەسەڵاتێك ئەو بڕیارەیان داوە.

سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بە ئاشكرا باسی لەوە كردووە، هاتنە سەر شەقامی لایەنگرانی خامنەیی، هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە، ئەگەر نا ئەگەری ئەوە هەبووە رەوشی شەقام ئاراستەیەكی تری جیاواز بگرێتەبەر.

سیاسەتی شاردنەوەی راستییەكان یەكێكە لەو سیاسەتانەی وڵاتان پەیڕەوی دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن هاووڵاتیان و شەقام تا رادەیەك كۆنتڕۆڵ بكەن و لە كولتووری سیاسەتی ئیرانیشدا ئەو سیاسەتە پشكی شێری بەركەوتووە.

لە دوای كوژرانی عەلی خامنەییەوە، تا ئێستا چارەنووسی موجتەبا خامنەیی كوڕیش دیار نییە كە دەوترێت هاوكات لەگەڵ هێرشەكەی سەر ماڵی باوكیدا پێوەبووەو كوژراوە، بەڵام بەرپرسانی تاران رەتیدەكەنەوەو دەڵێن موجتەبا لە ژیاندا ماوەو تەنها بریندار بووە.

لە ساڵی 1989 و كاتی مردنی خومەینی كە دەسەڵات توانی بۆ ماوەیەك مردنەكەی بشارێتەوە، بەڵام ئەمجارە میدیا ئیسرائیلی و ئەمریكییەكان پێش هەموو لایەك بڵاویانكردەوە.