سەرباری داواكارییە نێودەوڵەتییەكان بۆ راگرتنی پێشێلكارییەكان لەناو خاكی سوریا، ئیسرائیل بەردەوامە لە چونە ناو خاكی ئەو وڵاتەو لە دواین پێشهاتیشدا هێزێكی سەربازیی ئیسرائیلی چووەتە ناوچەكانی دەوروبەری پارێزگای دەرعا و قونەیتەرە.

سەرچاوە ئاگادارەكان ئاشكرایانكردووە، هێزێكی سەربازی ئیسرائیلی كە پێكهاتووە لە دوو تانك و ئۆتۆمبێلێكی سەربازی، لە دەروازەی تەل ئەبو غیسارەوە بەرەو ناوچەی غورفەت موجەحەم لە ڕۆژئاوای دەرعا پێشڕەویی كردووە، لەكاتی پێشرەوییەكەشدا ئەو هێزە بە چەكی قورسی سەر تانكەكان تەقەی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان و ڕێگەی سەیل ئەبو عومەر كردووە، بێ ئەوەی زانیاری لەبارەی زیانی گیانییەوە هەبێت.

هاوكات كاروانێكی سەربازیی ئیسرائیلی پێكهاتوە لە پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازی، چووەتە ناو گوندی عەجرەف لە ناوەڕاستی قونەیترە و خاڵێكی پشكنینی كاتیی لە ناو گوندەكەدا داناوە. 
سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، ئەو هێزە  سەربازییە كامێرای چاودێرییان لەسەر ڕێگەی عەجرەف _ ئوم باتنە و كامێرایەكیان لەناو شارۆچكەی سەمدانیە لە قونەیترە داناوە، هێلیكۆپتەرێكی ئیسرائیلیش بە ئاسمانی پارێزگاكانی دەرعا و قونەیترە دەسورێتەوە.

ئەم پێشهاتە لە چوارچێوەی پێشلێكارییە بەردەوامەكانی سوپای ئیسرائیلدایە لەناو خاكی سوریا كە ماوەیەكە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیانكردووە بەتایبەت لە ناوچەكانی باشوری سوریا كە تارادەیەكی زۆر نیگەرانیی سورییەكانی لێكەوتوەتەوە، چونكە لە بەشێك لە ناوچەكان كاری روخان و تێكدان و رێكخستنەوەی زەوییەكان ئەنجام دەدات.

ئەوە لەكاتێكدایە ، ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا رایگەیاندوە، كار دەكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداری ژمارەیەك دەوڵەت، بەو ئامانجەی رێككەوتنەكە دەرگایەك بێت بۆ ئاشتییەكی گشتگیر لە نێوانیانیاندا كە چیتر مافەكانی سوریا پێشێلنەكرێت بە تایبەت لە بەرزاییەكانی جۆلان.

هەفتەی رابردووش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان لە میانی سەردانێكیدا بۆ سوریا دوپاتیكردەوە كە بەرزاییەكانی جۆلان خاكی سوریایە و پێشێلكارییەكانی ئیسرائیلیش لەناو خاكی سوریا قبوڵ كراو نییەو دەبێـت تەلئەبیب پابەند بێت بە رێككەوتنەكەی ساڵی 1974وە.

بڕیارە بەم نزیكانە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، راپۆرتێكی ورد لەبارەی پێشێلكارییەكانی ئیسرائیل لە سوریا دەداتە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.