کورد و وتاری کوردبوو
١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
10
ئەم دوو چەمکە لەڕووی جەوهەرە و یەک شت نین و جیاوازن، کورد قەدەرە و چارەنووسێکی دیاریکراوە لەدەرەوەی خواستی خۆمان، واتە نەتەوە ئەو بژاردەیەی کە خودا بۆمانی دیاری کردووە، ئێمە بەکوردی خودا ئەفراندوینی، بەڵام کوردبوون خۆمان درووستی دەکەین و خۆمان بڕیاری لێدەدەین، هەربۆیە کوردبوون بابەتێکی فرە ڕەهەند و فرەواتایە، ئەمەش ئاسان نییە، بۆکەسێک کەبتوانێت کوردبوون لەناوخۆیدا وێنابکات.
بۆئەوەی ببیتە بەشێک لەو وتارە گەورەیەی کوردبوون، هێندە بەس نییە کە کوردبیت و بەزمانی کوردی قسەبکەیت و جل و بەرگی کوردی بپۆشیت، کوردبوون کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی دیکەیە. هەڵوێستە و بەشداری وتاری نەتەوەیی ئامانجدارە.
بەم پێوەرەبێت، مەرج نیە کوردێک کوردبوون تێیدا ڕەنگ بداتەوە ئەگەر لەچوارچێوەی خەسڵەت و تایبەتمەندی وتاری کوردبووندا بێت.
کاتێک کوردێک دەچێتە دەرەوەی وتاری کوردبوون، ئیتر ئاساییە بە زمانی کوردی و جل و بەرگی کوردی خیانەت بکات، کوردوتەنی ببێتە (جاش) بەپێچەوانەشەوە، کەسێک ئەکرێت کوردنەبێت بەڵام بەخەسڵەت و هەڵوێست و تایبەتمەندی کوردبێت بە واتا کوردبوونەکەی.بۆ هەردوو حاڵەتەکە نمونە زۆرن
ئایدۆلۆژیا دین، فکر و هتد دەچنە خزمەتی وتاری کوردبوونەوە، هیچ شتێک لەپێش کوردبوون نییە. گرفتی گەورەی ئێمە وەک کورد ئەوەیە ناتوانین بگەینە ئەو خاڵەی کە لەناو وتاری کوردبووندا خۆمان ببینین، هەرئەمەشە لە دیفاکتۆی کورددا، فکر و ئایدۆلۆژیا و ئاینەکان بەیەکدادەدەن، لەسەر حسابی یەکی ڕاست و ئەوی دیکە ناڕاست. لەکاتێکدا ئەمانە پێکدادانی کۆمەڵە چەمکێکن لەدەرەوەی وتاری کوردبوون. هەرئەمەش وایکردووە، خیانەت و هەڵوێستی چەوت بەئاسانی و بەسانایی بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئێمە نەگەیشتووینەتە فەتابوون لەناو کوردبووندا.
حزب و گروپ وهتد ئەمانە ئێستا لە کوردبوون وەک وتاری باڵا بەهێزترن، خۆیان بەمیزاجی سیاسی و ئایدۆلۆژیان هەویەی کوردبوون دەبەخشنەوە، لەکاتێکدا کوردبوون بابەتێکی جیاوازە و لەدەرەوەی ئەمانەیە. هیچ شتێک لەپێش کوردبونەوە نیە.
جوگرافیای نیە هەربۆیە پێویستە ئێمە وەک کورد برەو بەم بابەتی کوردبوونە بدەین، کەپێموایە هەتا نەگەینە وتاری دروستی کوردبوون ناگەینە حەقیقەتێک کەهەموان بەدەوریدا کۆببنەوە. خیانەت و هەڵوێستی دژە کورد زیاتر دەبێت. ئەبێت ئێمە لە جوگرافیای خێڵ و شار و ناوچە پارچە بێنە دەرەوە لە بۆتەی ئایدۆلۆژیا و دین بێینە دەرەوە، چونکە لەناو ئەم بۆتانە ناتوانین ڕاڤەی دروستی کوردبوون بکەین، بەشێک لەنەتەوەکان توانیان، هەموو بابەتەکانی وەک فکر، ئایدۆلۆژیا، دین، هتد بخەنە خزمەتی وتاری بونیان، عەرەب بوون فارس بوون تورک بوون، ئێمەی کورد هێشتا لەناو چیرۆکی پارچەپارچە بوون و کی جاشە و کێ باشەداین.
مامۆستایەکی ئاینی، زانکۆ ، سیاسییەک، سەرکردەیەک هاوڵاتییەک هەتا کوردبوون وەک باوەڕ و وەک توراس نەچێتە ناو بوون و وجودییەوە، ناتوانێت لەخزمەتی فاکتەکانی تری نەتەوە و کۆمەڵگەکەشیدابێت، چونکە کوردبوون وامان لێدەکات گەورەتر و فراوانتر بڕوانین، کوردبوون دووربینی و ئایندەبینی درووست دەکات، کوردبوون لە بازنە بچوکەکان ڕزگارمان دەکات و دەچینە ناو بازنەگەورەکە کە کوردبوونە.
لەناو چەمکی کوردبووندا هەموو چەمکەکانی دیکە دەتوێنەوە مرۆڤ لەگرێی ئایدۆلۆژیاکان ڕزگار دەکات. لێرەوەیە ئیتر ناڕێکی و پەرتەوازەیش نابێتە گرفت و ئالنگاری نەتەوەیی. فرە ڕەنگی فرە ئاینی، فرە زمانی هتد هەموو ئەمانە کەئێستا بوونەتە ترس لەبەردەم کورد وەک نەتەوە، لەناو کوردبووندا هەموو جیاوازییەکان دەبنە تابلۆ و هونەری گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی.
ئێمەی کورد لەئێستادا لەناو چەند بازنەیەکی بجوکی دین، ئایدۆلۆژیا، سیاسەت هتد گیرمان خواردووە، هەر لەناو ئەو بازنە بچوکانەدا دەمانەوێت ڕاڤەی نەتەوە و نەتەوەسازی بکەین. بەم حاڵەوە گومانی تێدا نییە، ناتوانین بگەینە ئامانجی گەورەی نەتەوەیی. کوردبوون چەمکی باڵای نەتەوەیە، هەموان دەبێت لەناو ئەم چەمکەدا بتوێنەوە، کەی کورد وەک نەتەوە گەیشتە ئەم لوتکەیە، ئەوکات حزب گروپ دین بەتەوای جیاوازییەوە دەبنە بەشێک لە بزاوتی کوردبوون. خیانەتکار لەناو کوردبووندا دەردەکەوێت نەک لەناو حزب و گروپ و ئاین و ئایدۆلۆژیا. کاتێک ئەمە لەدەرەوەی کوردبوونین، بێگومان هەموومان لەچاوی یەکدی خیانەتکار و ناڕاستین، گروپێک خۆی پێ ڕەواتر و ڕاسترە لەوی دیکە، لەکاتێکدا ئەمانە پێوەری لۆکاڵین پێوەری کوردبوون بابەتگەلی دیکەن. ڕۆژانە چەندین هەڵوێستی خراپ و ناڕەوا دژی نەتەوەی کورد دەبینین، بەڵام لەبەر ئەوەی چەمکەکانی دیکە لەسەروی چەمکی کوردبوونە، نابنە خیانەت بەڵکو زۆرجاریش ئەم هەوێستە ناکوردانەمان بە کوردبوون پێ دەفرۆشرێت، جا ئەم خیانەت و هەڵوێستە دژەکوردانە، حزب یان دین یان سیاسی یان مامۆستای ئاینی یان هاووڵاتی بیکات. جیاوازی نییە. ئەمانە هەڵوێستی بەدن و دژی وتاری کوردبوونە، بەڵام کاتێک کوردبوون و خەسڵەتەکانی وجودی نەبێت ئیتر خەسڵەتی ناو بازنە بچوکەکان خۆیان فەرزدەکەن و بەئاسانیش بەناوی هەڵوێستی کوردانە تۆمار دەکرێن.




