چارەنووسی داهاتووی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
77
هەر چەندە ئەم پرسە پەیوەندی بە هەموو سەردەمەکانەوە هەیەو لە گەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا هەنگاو دەنێ، بەها کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە گرنگترین بنەما فکری و کەلتوورییەکانن کە ڕێنمایی هەڵسوکەوت، بیرکردنەوە و شێوازی پەیوەندیی مرۆڤانە لە کۆمەڵگادا دەکەن. ئەم بەهایانە شتێکی جێگیر و نەگۆڕاو نین، بەڵکو بە شێوەیەکی بەردەوام لە گۆڕان و گەشەسەندندان. بەپێی سەردەم، بارودۆخ و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، ئەم بەهایانە گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، هەندێکجار تەنانەت دەتوانن پێچەوانەی یەکتریش بن. ئەم جیاوازییەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە بە بنەما کەلتوورییەکان وەک ئایین و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی، هەروەها ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی کە لە ڕێگەی سیستەمە سیاسییەکان، ئابووری و تەکنەلۆژیاوە ڕوو دەدەن.
لە دۆخی جیهانیی ئێستادا، زۆربەی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو ئاراستەی تاکگەرایی هەنگاو دەنێن؛ واتا تاک، بەرژەوەندی کەسی و پێداویستییەکانی خۆی دەخاتە پێش بەرژەوەندی گشتی. هەرچەندە ئەم ئاراستەیە لە ڕوانگەی گەشەی مافی تاک و ئازادییە کەسییەکانەوە هەندێک جار وەک پێشکەوتن دەبینرێت، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکرێت تاک بەرەو خۆپەرستی، کەمبوونی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی پابەندبوون بە بنەما ئەخلاقییە گشتییەکان ببات. سەرئەنجامی ئەم ئاراستەیەش ڕەنگە بوونەوەرێکی دژە ئەخلاقی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتی دروست بکات، کە لەو دۆخەدا هاوبەشی، هاوکاری و ڕێزگرتنی یەکتر بە شێوەیەکی دراماتیکی لاواز دەبن.
کاتێک بەها کۆمەڵایەتییەکان بێبەها دەبن، جۆرێك لە كۆیلایەتی هاوچەرخ دروست دەبێت؛ كۆیلەیەك كە وەك قورمیش لە ڕێگەی میدیا و ژیری دەستكردەوە فێركراون. ئەمانە زۆر بە ئاسانی دەبن بە ئامرازیێكی بەكارهاتوو، بەتایبەت هەر دەسەڵات و لایەنێك دەتوانێت بە پێی ویست و ئامانجی خۆی بیر و هەڵسووكەوتیان ئاراستە بكات، بێ ئەوەی هەست بە كۆیلایەتی خۆیان بكەن.
لەم ڕوانگەیەوە کە جیهانگیری و تەکنەلۆژیا و سیستەمی سەرمایەداری زاڵە بەسەر زۆرێک لە کایەکانی کۆمەڵگە، پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێشەوە، چارەنووسی داهاتووی بەها کۆمەڵایەتییەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کارێکی هێندە ئاسان نییە، چونکە گۆڕانکارییە خێراییەکان لە کۆمەڵگادا تەنها بە یەک هۆکار ناتوانرێن دیاری بکرێن، بەڵکو پێچەوانە و فرەڕەهەندن. بەها کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانکارییە خێراییەکان لە دۆخی ئێستادا وەك دارێكی دووجەمسەری وایە، چونکە سیستەمی سیاسی، دامەزراوە پەروەردەییەکان، ئایین، دۆخی ئابووری و هەلومەرجە ژینگەییەکان هەموویان بە شێوەیەکی یەکگرتوو کاریگەریان لەسەر ئاراستە و شێوازی گۆڕانی ئەم بەهایانە هەیە.
هەرچەندە لە جیهانی ئەمڕۆدا، میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها گەشەی ژیری دەستکرد، بوونەتە هۆکاری سەرەکی لە گۆڕانکاری شێوازی هەستکردن، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی مرۆڤ. ئەم هۆکارانە لە لایەکەوە دەتوانن هۆشیاری کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە گشتییەکان بەرز بکەنەوە، لە لایەکی ترەوە مەترسییەکی گەورەیان هەیە بۆ پەرتەوازەبوون، لاوازبوونی بنەما و بەها کۆمەڵایەتی وئەخلاقییەكان.
کەواتە دەکرێت بووترێت، ناتوانرێت بە ڕەهایی بڕیار لە داهاتووی بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکان بدرێت، بەڵکو ئەم داهاتووە پشت بە شێوازی بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییەکان، ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و ڕۆڵی دامەزراوە ئاینیی و پەروەردەیی و کەلتوورییەکان دەبەستێت کە تا چەند وابەستەی بەها باوەکانی کۆمەڵگەن کە سەردەمانێک جێگای شانازی تاکەکان بوون، یاخود چەندە خۆیان لەگەڵ گۆڕانکاریکەکان دەگونجێنن و تێهەڵکێشی گۆڕانکارییە هەنووکەییەکان دەکرێت تاوەکو نەوەی نوێش نامۆ نەبێت بەو بەهایانە. بە پیچەوانەوە دەکرێت بەها کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوەتی لەناوبچن و ئەوەی لە ڕابردوو پیرۆزی بوو، ئیتر لە هزری تاکەکان نەمێنێت و ڕەفتارکردن بەو ئاڕاستەیە نامۆ ببینرێت و ئەو تاكانەی ئەو بەهایانە پەیڕەو دەكەن بە دواكەوتوو سەیربكرێن لە کۆمەڵگەدا.



