عەجاج... ناونیشانی کەڵەگایی بەرامبەر بەستەزمانی
٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
159
نوگرە سەلمان شانۆی بەسەرهات و وێستگەی پاشەکشێ جەرگبڕەکانی وڵاتی بەڵاو بەدبینی و بەدڕەفتارییە. بۆنەی باسکردنی تازەی ئەم شانۆیە دەستگیرکردنی عەجاج حەردان تکریتییە کە لە یادەوەری دایک و خوشک و منداڵە ئەنفالکراوەکانماندا ناونیشانە بۆ تەعددا و ستەم و زەبروزەنگ. ئێستا کە دەستگیر کراوە و دۆسێکەی دەجوڵێ و دانە دانە دانپیانانەکەی بڵاو دەبێتەوە، لەگەڵیا کۆی دۆسێی رەفتار و خوو وخەدەی سیاسەتەکانی، ئەم وڵاتەی پێ ناسراوەتەوە، دەجوڵێ. وا چەندە رۆژە بەش بەش قسەی لێ دەگێرنەوە...
عەجاج بە ناو و ناوەڕۆکەوە گوزارشتە لەم قەرەباڵەغییەی دەیان ساڵە هەیە و پرسیاری لە خۆی نەکردووە و ئێمەش پرسیاری لێ ناکەین.
-١-
لە کوێوە دەست پێبکەین؟
لە هەوڵی دەستگیر کردنی کە راگەیاندراوی خانمی یەکەمی عیراق، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و مەکتەبی سەرۆک کۆمار مژدەکەیان وت. خانمی یەکەم لە چەند وێستگەیەکدا کۆششی بۆ دۆسێی ئەنفالەکان دەستپێکردووە. کە دواینیان ئەمی عەجاج بوو. دەستی خۆش بێت. ئەم هەنگاوانە هەم دروستی پشت بەستن بە دامەزراوە رەسمییەکانی عیراق دەردەخات و هەمیش نیشانەی ئەوەیە ئەم دامەزراوانە توخمی چاکی خزمەتی وڵات و نەتەوەکانی تێدایە. بە مەرجێ کورد خۆی و کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەم توخمانە بڵاوێنێتەوە و ڕەگ و ماکی چاکە و باشەی لێ هەڵێخێنن، بەڵام ئەم ناونیشانە باشانە بە تەواوی بە گەر ناخرێت ئەگەر دامەزراوە ڕەسمییەکانی هەرێم لەگەڵی نە جوڵێن و هەماهەنگی نەبن. تەبعەن کە ململانێی تەسکی سیاسیی لە فەزای خراپی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و نێوان سیاسەتی دروستی کوردستانی وا داکەوێ لاواز بێت بەداخەوە فاکتەری تەواوکاری کۆششەکان پەکیان دەکەوێت. بۆیە وا دەبینین لە کوردستان بە خەمساردی سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ مژدەی دەستگیرکردنی عەجاج دەکرێت و ئەرکەکە بە پلەی یەکەم بۆ میدیاکان و ئەجینداکانی بەجێدەهێڵرێت. لەکاتێکدا ئەم هەوڵە پێش هەموو شتێک پێویستی بە تەواوکاری و هەماهەنگی و پێویستی بە پێشخستنی ئەزموونی کەڵک وەرگرتن لە دامەزراوەکانی عیراقی فیدرالی هەیە کە لەبەر پاشەکشێی بەشێک لە هاوبەشەکانمان و لەبەر پێشبرکێی خۆشمان لەڕێی نابودکردنی بەشداریی کورد لە بەغدا، خەریکە سەنگەرەکانی چۆڵ دەکەین.
دەچینە سەر باسی کارەکتەری شانۆکە.
تەماشای سەیر و سەمەرەی ئەم ناوە: عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی(عەجاج) گوایە تەپ و تۆزی ناو سەحرای نوگرەسەلمانە و ناوەکەی لەوێوە هاتووە. دایک و خوشک و کەس و کارمان لەوێ بە (حەجاج)یش ناو زەدی دەکەن. ئەم ناسناو و هەڵە باوە زیاتر گوزارشت دەکات لە زەبر و زەنگی مەشهوری ناو عیراق.
(حەجاج کوڕی یوسف سەقەفی) حاکمی بێ ئەملاولای عیراقی دەورانی یەکەمی حوکمی ئەمەوییەکان بوو، گوتارێکی پڕ زەبر و زەنگ و تۆقاندنی هەبوو کە ئیتر بووە بەشێک لە کەلتوری سیاسەت و حکومەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عیراقیش لە ناویاندا.
(حەردان)، ناوی دووەم، ناوێکی مەشهوری عەسکەری بەعسە کە حەردان تکریتی گوتەیەکی مەشهوری هەیە لەسەر کودەتای دووەمی بەعس لە 1968: (ئێمە بە قیتارێکی ئەمەریکایی هاتین) تەبعەن دوایی قیتارەکە خۆشی شێلا و سوکان دەستاودەستی زۆری کرد تا چمکێکی گەیشتە لای ئەم عەجاجە وەکو دوا نەوەی تکریتییە یەک لەدوای یەکەکان.
-٢-
تەختەی شانۆش جەرگ و دڵ دەبرژێنێ.
بەشێکی یادەوەری جارانی رەوتی سیاسییە لە عیراق، جارانی زەمانی پادشایی کە نوگرەسەلمان وەک خوێندنگەیەکی پێگەیاندنی سەرکردە و روناکبیری گەورە و تێکۆشەری مەزن بوو. رێک وەک ئەوەی قانعی شاعیر پێی دەگوت (کونجی زیندانم قوتابخانەیە).
ئەو دەورانە دەیان ئەستێرەی ئەدەب و سیاسەت و تێکۆشانی چەپ ئاسمانی سەحرای سماوەی ڕوناککردبۆوە. نوگرەسەلمان وەک مەوشوری ڕەنگاوڕەنگ و پەلکە زێرینەی ڕەوتی شۆڕشگێری عیراق بوو، شاعیرێکی چەپ و جنووبی بە ناوی نازم سەماوی، شیعرێکی جوانی لەوێ نووسی(یاحریمه).. شاعیر سۆزی خۆی بوو بۆ خانمێک کە سەردانی برا زیندانییەکەی دەکرد. سەماوی لەو زەمانەی کە نوگرە سەلمان زیندان، ئەمما زیندانێکی ئاوەدان بوو، بە حەسرەتەوە دەڵێ:(حەریمە وشەکانی سەرزار دزران) شتێک لەبابەت ڕازی ئەحمەدی شاملۆ کە:(دێن بۆ بۆن بە دەمتەوە دەکەن، نەکا جارێ گوتبێتت خۆشم دەوێی)
رۆژگاری پادشایی لەگەڵ نوگرەسەلمان ڕۆژگارێکی پادشایەتیی و زێڕین بوو، ژن هاتووچۆی زیندانییەکانی دەکرد و چاوی بە چاو دەکەوتەوە، بەڵام عیراقی عەسکەری و ئەفسەر، عیراقی بەعس و عەجاج کارێکی کرد سەماوە بووە نیشتەنی قات و قڕی کە سەدان مرۆڤ، هەر لەبەر کورد بوون، لەوێ دەپەستێنرین.
حەریمەی لێ نەما کە بە تیلەی چاو دڵداری لەگەڵ سەماوی بکات، بەڵام (غەزێم) و (خونچە) و (حەلاو) سەدان و سەدان ژنی کوردی لێ بوو کە عەجاجی بێ شەرەف و بێ نامووس ستەمی لێ دەکردن کە خۆی وا ئێستا باسیان دەکات
چیرۆکی نوگرەسەلمان لە زیندانی خوێندنگاوە بۆ زیندانی بێ شەرەفی عەجاج خۆی چیرۆکی داوەشینی سیاسەتی عیراق چڕدەکاتەوە کە حەرەس قەومی و حەرەس جمهوری و جەیشی بەعسی هیچیان تیا نەهێشتەوە. قۆناغی عەجاج قۆناغی (حەجاج)یشی تێپەڕاند، چونکە هیچ سوارچاکی و هیچ جوامێری و هیچ ئازایەتییەکی شەڕی بەرامبەر نەیاری تێدا نەماوە. (عەجاج) هی ئەوەیە پێش دادگا و حوکمی قورس ژن و منداڵەکانی حاشای لێ بکەن، نەک حاشا لە تاوانەکانی بکەن، بەڵام چی دەڵێن کە لەم قامووسی شەڕەنگێزییەدا فەرهەنگی داوای لێبوردن و شەرم و حەیا نەماوە، پیاوێکی خوێڕی ئازایەتی بەسەر ژنی بەستەزمانی کورددا دەنوێنێ.
-٣-
چیرۆکەکە ماویەتی
ئەو هەموو بەعسییە دادگای کران، کەسیان شەهامەتی داوای لێبوردنی نەبوو ئێستاش بزوتنەوەی ناسیونالستی دەمارگیری عەرەبی و حزبە ناونیشانە جیاوازەکانی بوێری ئەوەیان تیا نییە و نەبوو داوای لێبوردنێک بکەن. کە کەس پەشیمان نەبێتەوە، ئیتر بۆ دڵنیابین کە دیاردەی عەجاج دووبارە نابێتەوە.
هیتلەر لەسەرەتای تاوانەکەی دژی جولەکە کە فابریکەی گازی بۆ دانابوون لە خۆرا نەیگوت. کەس لێپێچینەوەی لە تورکیا نەکرد کە قەتلوعامی ئەرمەنی کرد. ئیتر بۆ بترسین؟ کە کەس لە هیچ تاوانێکی نەپێچایەوە بۆ تاوانی دەرسیم و زیلان نەکرێ؟
کیمیاباران و ئەنفال کرا کەس بەعس و سەرانی بەعسی ئیدانە نەکرد، جگە لە دادگای عیراق.
ئیتر لەم بۆشاییە مۆڕاڵییەدا بۆچی داعش جورئەتی نەبێت جینۆسایدی ئێزدییەکان بکات. لە دوای دادگاکەی بەعس و سەرانی رژێمەکەی؟
ئێمە لە زەمەنێک دەژین هەر کەسێک چۆڵەوانییەکی کۆنترۆڵ کرد ئیتر موسڵ بێت، شنگار بێت، غەزە بێت یان گەرمیان و دەرسیم ، هەر ئەوەندە خەتی ئینتەرنێتی بڕی، کارەبای کوژانەوە و رێی هاتووچۆی گرت، بتوانێت قەتلو عام بکات و میللەتێک قڕ بکات.