چارەسەری گرێی پیس (شێرپەنجە)، هەر لابردنە !،
٢٢ی ئابی ٢٠٢٥
42
هەرچەندە ناونیشانی بابەتەکە پزیشکیی و زانستییە ، بەڵام لە جیهانی سیاسەتیشدا بۆ هەندێك مەسەلە بەکار دێت .
وەك لەزاری پزیشکەکانەوە بیستومانە گرێ دروست بون لە جەستەی مرۆڤدا دوجۆرە یەکەمیان بێ زیانە کە پێی دەڵێن
(benign ) ئەوەی تریان زیان بەخشە ( malignant cance) . بە کورتی خانە شێرپەنجەییەکان تا بمێننەوە لە جەستەدا زیان و پەلاماردانەکانیان زیاتر دەبێت . لە ژیانی حزبییشدا ، دیاردەکانی ململانێی توندوتیژی ناوخۆی حزب ، ناعەدالەتیی ،دەستەگەریی بەهەمو جۆرەکانیەوە ، گەندەڵیی و تاکڕەویی، هەمان خەسڵەت و لێکەوتەیان هەیە و دەبنە شێر پەنجەی ناو ئەو حزب ورێکخراوەدا . ئەوەی بەرەبەیانی ٢٢ی ئۆگەست /ئاب ی ٢٠٢٥ رویدا لە بەردەم هۆتێل لالەزاری پێشودا هەمان ناولێنانی بۆ گونجاوە . چونکە ئەو جێگەیە ببوە ئەو خانە شێر پەنجەییەی کە لە جەستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دروست ببو کە خەریك بو بەتەواوی بڵاو ببێتەوە سلێمانییش بگرێتەوە.
هەر زو کە ناکۆکییەکە دروست بو ، واتە لە ٨ی یولی /تەموزی ٢٠٢١ ، دەبوایە بە جۆرێکی تر چارەسەر بکرایە تا ئەو گرێ وگۆڵ و کۆسپ و کێشانە دروست نەبوایە ،(لەو کاتەدا قسەی خۆم لای کەسانی دڵسۆز کردوە ).
هەرچەندە بەندە دژی هەمو رێگە چارەیەکی توندوتیژ ، قسەی زبر ،پیاهەڵشاخاندن ، سوکایەتیی ،ناوزڕاندن و جنێودانم لە هەر کێشەیەکدا ، نەخوازەڵا کوشتن و خوێنڕشتن ، بەڵام روداوەکەی لالەزار پێویستییەکی لە دوانەخراو بو ، رێگرتن بو لە پەرەسەندنی خراپتر . لەگەڵ ئەوەی زۆر لە نزیکەوە کاك شێخ لاهورم دەناسیی و رێزی یەکترمان زۆر گرتوە ، بەڵام هەر لەسەرەتاوە دژی ئەو هەنگاوانەی بوم کە دەینا چ پێش ٨ی یونی / تەموز ، چ دواتریش . لە ئاست ئەمەی شەوی رابردو یا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دەیتوانی رێگە راستەکە هەڵبژێرێت تا بەرپرسیاری رژاندنی خوێنی کەس نەبێت و ئۆباڵی ترساندنی خەڵك و زیان گەیاندن بە ماڵ و حاڵی خەڵک نەکەوێتە ئەستۆی ، کەچی بە داخەوە وەك لە گرتە ڤیدیۆییەکەیدا لەسەربانی بارەگاکەیەوە رایگەیاندوە بە نیازی شەڕ و کوشتار بوە .بە داخەوە دور نەڕوانینەکەی کاك شێخ لاهور ئەوەی بەدوادا هات کە خوێنی چەند مرۆڤێك بڕژێت ، پێش هەمو شتێك درود بۆ گیانی قوربانییەکان لە هەر لایەك بن ،داوای هەرچی زوتر باش بونەوەش بۆ بریندارەکان دەکەم ، بەڵام ئەوەی کە پێویست بو بۆ لابردنی ئەو گرێ یەی جەستەی شاری سلێمانی کراوە ،کە سەرەتا لە رێگەی قانون و دادگاوە بوە دواتر لە ناچاریدا پەنا براوە بۆ بژاردەی چەك . بەراستیی نەدەکرا ئەو هێزە چەکدارە ی لالەزاری کردبوە حەشارگە ، بە ئیدعای پاراستنی سیمبولی سەرۆك مامجەلال سۆزی لایەنگر و ئەندامانی ی ن ك رابکێشێت و هەروا لێگەڕێن بمێنێتەوە ،لەولاشەوە بە ئارەزوی خۆی و بێ سڵکردنەوە و بێ لێپرسینەوە ئەوەی پێی دەکرێت دەست لە ی ن ك بوەشێنێت و ببێتە مایەی سەرئێشەی ئەمنییش لە سلێمانیدا .
حکومەت و ی ن ک یش لە ئاستیدا هەر دەستەوەسان بن و شیرو تیر لەیەکتر بسون . بەراستیی هێزی چەکدار لە هەرێمی کوردستان تەنانەت لە عێراقی فیدراڵیشدا کە لە نێو هێزە چەکدارەکان (پێشمەرگە ،ئاسايش ، دژە تێرۆر و ….هتد ) ی سەربە حکومەتدا رێك نەخرابێت ، دەبێتە میلیشیا و مل کەچی هیچ قانون و پرەنسیب و بنەمایەکی حوکمداریی نابێت ، دەبێتە هێزێکی مافیا و تێرۆریست .
ئێستا گرێ خراپەکە لابراوە ، بەڵام دەبێت لە هەر کات زیاتر بە وریاییەوە مامەڵە بکرێت لەگەڵ لێکەوتە و دەرهاویشتەکاندا .
هەندێك ناوەند لە دڵسۆزییان روانینی خۆیان دەخەنە رو دەبێت ی ن ك بە هەندیان وەربگرێت ، هەندێك ئەرکی قانونیی ،ئیداریی،پیشەیی و مرۆیی خۆیانە پەیامەکانیان دەخەنەرو ،دەبێت ی ن ك لێیان تێ بگات (تفهوم)یان بکات ، ئەوانیتریش وەك رەفتاری هەمیشەییان هەر دەگەڕێن بە دوای خاڵێکدا لە دژی ی ن ك بەکاری بهێنن و چەند رۆژێك بیکەنە هەلڵا و تانە لێدان ، دەبێت لەوەشدا ی ن ك هەر دان بە خۆدا بگرێت ،تا راستییەکان بە تەواوی رون دەبنەوە .
بە کورتی سەرباری داخ و ئەفسوس بۆ ئەو قوربانیانە ،کە بەرپرسیارتییەکەی دەکەوێتە ملی ئەو کەسانەی سەرکێشان کرد و شەڕیان هەڵبژارد ،پرۆسەکە هەنگاوێکی راست بو ،کۆتایی هات بە دودڵیی و دردۆنگیی هەندێك بەرامبەر رەوتی هەڵوێست و روداوەکان ، چیتر ناوترێت لالەزاریش بەشێکە لە ی ن ك ، ئیتر بیانوش نامێنێت بۆ فەرامۆش کردنی کەلێنە ئەمنییەکان کە پێشتر دەوترا ئەوە کەتنی گروپی لالەزارە . ئیدی لالە زاریش ناوەرەسەنەکەی کە باخچەی پڕ لە گوڵ و گوڵزارە دەگەڕێتەوە بۆ جاری جاران ، نەك حەشارگەی کەرەسەی نەفرەتیی و بێزراوی کوشتن و بڕینی وەك (درۆن ،بیکەسی ،دۆشکە ).
دەبێتەوە بە شوێنێکی گەشتیاریی نەك مەشقی چەك و لێدان و نیشانە شکێنیی و عەنتریات .