سەردانی عەلی الزیدی بۆ واشنتۆن
د. لوئەی جاف
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
د. لوئەی جاف
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
سیاسەت و ئەخلاق دوو چەمکی لە یەک دانەبڕاون. لێرە سێ تێزی گرنگ سەبارەت بەم بابەتە دەخەینە بەردەستی خوێنەران. مەبەستمان زیاتر ووشیارکردنەوەی هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسی و حکومڕانی هەرێمی کوردستانە کە چرکە بە چرکە لە حزوری ئەم چەمکانەدا بن، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە حکومڕانی کوردی کاتێکی هەستیاری ژیانی بە سەر دەبات.
یەکەم : سیاسەت و ئەخلاق لە ڕەوانگەی کانتەوە
ئیمانوێل کانت (۱۷۲٤ ـ ۱۸٠٤ ز)، فەیلەسوفی ئەڵمانی و یەکێک لە گەورەترین بیرمەندانی سەدەی هەژدەیەم، لە بەرامبەر تێزو بۆچوونەکانی ماکیاڤێلی وەستایەوە کە دەڵێت سیاسەت یاسای تایبەتی خۆی هەیە و زۆر کات بەرژەوەندی دەوڵەت دەتوانێت پێش بنەما ئەخلاقییەکان بکەوێت.
تێزەکەی کانت جەخت دەکاتەوە کە سیاسەت دەبێت هەمیشە لە گەڵ ئەخلاقدا بگونجێت (یان بگونجێنرێت). واتا هەر ئاکتێک، بڕیارێک یان بابەتێکی سیاسی گشتی، دەبێت بە فلتەری بنەماکانی ئەخلاق و ویژدان و مروەتی مرۆڤ تێپەڕێت. نابێت دەسەڵاتدار درۆ، فێڵ، دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی یان مافی هاوڵاتیان پێشێل بکات.
بنەمای بیر و فیکر و فەلسەفەی ئیمانوێل کانت ئەوەیە کە مرۆڤ (هاوڵاتی) هەرگیز نابێت تەنها وەک ئامراز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەڵکو دەبێت هەمیشە وەک ئامانجێکی سەرەکی ڕێزی لێ بگیرێت.
ئەم تێزە لە سیاسەتدا مانایەکی قووڵی هەیە بە مانای دەوڵەت بۆ خزمەتکردنی مرۆڤە، نە مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت. بۆیە، لە دیدی کانت، یاسا تەنها ئەو کاتە دادپەروەرە کە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکان بپارێزێت. بە کورتی، هەر سیاسەتێک مافەکانی مرۆڤ لە نان، ئازادی، ئازادی بیروباوەڕ، هتد. پێشێل بکات، لە بنەڕەتدا لە گەڵ ئەخلاق ناکۆکە.
دوەم: ئەخلاقی باوەڕ و ئەخلاقی بەرپرسیارێتی لە ڕەوانگەی ماکس ڤێبەرەوە
لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ماکس ڤێبەر (۱۸٦٤ ـ ۱۹۲٠ ز)، کۆمەڵناس و بیرمەندی ئەڵمانی، پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەتی بە شێوەیەکی ڕوون و واقعبینانەتر لێکدایەوە.
ڤێبەر لە وتارە بەناوبانگەکەی (سیاسەت وەک پیشە، La politique comme vocation)، جیاوازییەکی گرنگ دەخاتەڕوو نێوان دوو جۆری ئەخلاق :
یەکەم، ئەخلاقی باوەڕ
واتە مرۆڤ بە پێی بنەما و باوەڕە ئەخلاقییەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەکانی زۆر قورس بێت.
دووەم، ئەخلاقی بەرپرسیارێتی
واتە سیاسەتمەدار تەنها لەبەر نیازی باشی خۆی بەرپرسیار نیە، بەڵکو دەبێت ئەنجامی کردەوەکانی خۆشی هەژمار بکات.
ئەم جیاوازیە گرنگە، چونکە سیاسەت تەنها بواری نیەت پاکی و باوەڕ نیە، بگرە بواری ئەنجامەکانیشە. ئەنجامیش خاڵێکی سەرەکی و سەنگی مەحەکە.
سیاسەتمەدارێک دەتوانێت نیەتێکی پاکی هەبێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکەی زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت، نیاز پاکی بە تەنها ناتوانێت ببێتە پاساوی شکستەکان.
لە دیدی ڤێبەر، سیاسەتمەداری باش ئەو کەسە نیە کە تەنها بە دروشم و بنەماکانەوە پابەندە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بنەما، واقعبینی و هەستی بەرپرسیارێتی لەگەڵ یەکدا کۆبکاتەوە
سێیەم : دابڕینی سیاسەت لە بیرکردنەوە و دادگایی لە ڕەوانگەی هانا ئارێنت
هانا ئارێنت (۱۹٠٦ ـ ۱۹۷٥)، فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی ئەڵمانی ـ ئەمریکی، لە توێژینەوەکانی، بە تایبەتی لەسەر تۆتالیتاریزم، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، ئەخلاق و بەرپرسیارێتیی تاکی بە شێوەیەکی تایبەت لێکداوەتەوە.
یەکێک لە گرنگترین تێزەکانی ئارێنت ئەوەیە کە مەترسی گەورەی کۆمەڵگا تەنها لە کەسانی خراپەوە نایە. بەڵکو لە کاتێکدا دروست دەبێت کە مرۆڤە ئاساییەکان دەست هەڵدەگرن لە بیرکردنەوە و بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئەخلاقی خۆیان. لە لێکۆڵینەوەکانی ئارێنت لەسەر دادگایی ئەدۆلف ئایخمان، بیرۆکەی ئاساییبوونی خراپەی خستەی بەردەست (banality of evil). واتا کارە زۆر خراپەکان دەتوانن لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام بدرێن کە خۆیان بە مرۆڤی ئاسایی دەزانن و بە بێ ئەوەی بە قووڵی لە ئەنجامی کردەوەکانیان بیر بکەنەوە، تەنها دەڵێن: (من تەنها فەرمانم جێبەجێ کرد). ئەگەر تاک، بە بیانووی جێبەجێکردنی فەرمان یان پابەندبوون بە سیستەم، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆی لە دەست بدات، ئەوا هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی ناتوانێت بە تەواوی لە مەترسیی زۆرداری و پێشێلکردنی مافەکان پارێزراو و بەدوور بێت.
لە دیدی ئارێنت، سیاسەت دەبێت لە شوێنی (ئازادی، گفتوگۆ، جیاوازیی بیروڕاکان و بەشداری هاوڵاتیان) بێت. کاتێک گفتوگۆ و بیرکردنەوە لە سیاسەت وون دەبن، دەسەڵات دەتوانێت بە ئاسانی جێگای داد و ئازادی بگرێتەوە. هیچ سیستەمێکی سیاسی ناتوانێت تەنها بە یاسا و دامەزراوە جێگیر بێت، پێویستی بە کەلتووری بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی هەیە.
ئەخلاقی سیاسی تەنها ئەوە نییە کە سەرۆک یان وەزیر درۆ نەکات. ئەخلاق دەبێت لە ناو دامەزراوەکاندا جێگیر بێت. شەفافیەت، بەرپرسیارێتی، جیاکردنەوەی بەرژەوەندیی گشتی لە بەرژەوەندیی تایبەتی، سەربەخۆیی دادگا، ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتیان.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەخلاقی سیاسی تەنها سیفەت و خسڵەتێکی کەسی سەرکردە نیی، بەڵکو دەبێت ببێتە بەشێک لە کەلتووری دامەزراوە و کۆمەڵگا.
ئەگەر یاسا هەبێت، بەڵام کەسانی بەڕێوەبەر خۆیان پابەند نەبن بە یاساکان، دامەزراوەکان بەتاڵ دەبن لە ناوەڕۆک. ئەگەر دەنگدان هەبێت، بەڵام هاوڵاتی متمانەی بە سیستەم نەبێت، دیموکراسی وەکو عالیاوەی لێدێت، ناوێکی گەورە و دێیەکی وێران.
لەبەر ئەوە، پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت پەیوەندیەکی ئۆرگانیکیە. سیاسەت بێ ئەخلاق دەتوانێت دەسەڵات بەرهەم بهێنێت، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی شەرعیەت و متمانەی بەردەوام بەرهەم بهێنێت.
ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سوریا تەنها گۆڕینی سەرۆکێک نەبوو، بەڵکو کۆتایی قۆناغێک بوو کە دەیان ساڵ بە ترس، زیندان، خوێن و سڕینەوەی ناسنامەکان نووسرابوو. بەڵام ڕووخانی دیکتاتۆری بە مانای لەدایکبوونی دیموکراسی نییە؛ چونکە ڕووخاندنی دەسەڵات زۆر ئاسانترە لە بنیادنانەوەی دەوڵەت.
بەعس لە عێراق و سوریا، سەرەڕای ناکۆکی و دابەشبوونی بەناو چەپ و ڕاستەوە، لە ناوەڕۆکدا یەک سیستمی تاکڕەو و سەرکوتکەر بوو. لە هەردوو وڵاتدا، حیزب بووبووە دەوڵەت، سەرۆک بووبووە یاسا و دەزگا ئەمنییەکانیش بووبوونە زمان و دەستی دەسەڵات. بەڵام کۆتاییی ئەم دوو ڕژێمە بە یەک شێواز نەهات: لە عێراق، هێرشی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەسەڵاتی سەددام حسێنی ڕووخاند؛ لە سوریاش شەڕی ناوخۆ، خەباتی خەڵک، هەڵکشانی ئۆپۆزسیۆن، لاوازبوونی هاوپەیمانانی بەشار ئەسەد و گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکان، کۆتایییان بە ڕژێمەکە هێنا.
وانەی عێراق بۆ سوریای نوێ ڕوونە: ئەگەر تۆڵەسەندنەوە جێگەی دادپەروەری بگرێتەوە، ئەگەر زۆرینە مافەکانی کەمینەکان بسڕێتەوە و ئەگەر دامەزراوە نیشتمانییەکان لاواز بن، دیکتاتۆریی کۆن بە ڕووخسارێکی نوێ دەگەڕێتەوە. مەترسیی گەورە تەنها لە پاشماوەکانی بەعسدا نییە؛ بەڵکو لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی عەقڵییەتی بەعس بە ئاڵا، دروشم و ناوێکی نوێشدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەحمەد شەرع، ئەگەر بیەوێت دەوڵەتمەداری سوریای نوێ بێت، دەبێت لە سنووری سەرکردایەتیی گرووپێک تێپەڕێت. تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئەو، لە چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ کورد، عەلەوی، مەسیحی، دروزی و پێکهاتەکانی دیکەدایە. سوریای نوێ بە گۆڕینی ئاڵا و ناوی سەرۆک دروست نابێت؛ بە دەستوورێک بنیاد دەنرێت کە هاووڵاتیبوون بکاتە بنەمای ماف و بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتیش بە یاسا سنووردار بکات.
لە بەرامبەردا، مەزڵووم عەبدی و هێزەکانی سوریای دیموکراتیک «هەسەدە» لە شەڕی دژی داعشدا ڕۆڵێکی گرنگیان بینی و قوربانییەکی گەورەیان دا. ئەم قوربانییە نابێت لە کاتی نووسینەوەی نەخشەی داهاتووی سوریا لەبیر بکرێت. کورد لایەنێکی ڕەسەنی سوریا و خاوەنی مافە نەتەوەیی، زمانی، کەلتووری و سیاسییەکانی خۆیەتی. ئەم مافانەش نابێت بە بەڵێنی کاتی یان دڵسۆزیی سەرکردەیەک ببەسترێنەوە؛ بەڵکو دەبێت لە دەستوور، یاسا و دامەزراوەکاندا مسۆگەر بکرێن.
ڕێککەوتنی (10)ی ئاداری2025 لەنێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدیدا دەرفەتێک بوو بۆ گواستنەوە لە ململاێی سەربازییەوە بۆ گفتوگۆی سیاسی. هەڵوەشاندنەوەی «هەسەدە» و تەواوبوونی پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی لە سوپای سوریا لە (25)ی ئابی2026، قۆناغێکی نوێی ئەم پرۆسەیەیە؛ بەڵام کۆتاییی پرسی کورد نییە. هەڵوەشاندنەوەی هێزێکی سەربازی شتێکە و چارەسەرکردنی ماف و ناسنامەی نەتەوەیەک شتێکی دیکەیە. ئەگەر چەک یەکبخرێت، بەڵام مافەکان یەکسان نەبن، کێشەکە چارەسەر نابێت؛ تەنها لە مەیدانی سەربازییەوە دەگوازرێتەوە بۆ گۆڕەپانی دەستوور و سیاسەت.
یەکێتیی خاکی سوریا پێویستە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانی بە زۆر و ناوەندگەراییی توند دروست نابێت. دەوڵەتی بەهێز ئەوە نییە هەموو دەسەڵاتێک لە دیمەشق کۆبکاتەوە؛ بەڵکو ئەوەیە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت و جیاوازییەکان بکاتە سەرچاوەی دەوڵەمەندی، نەک بیانووی سەرکوتکردن. سوریا پێویستی بە یەک دەوڵەت هەیە، نەک بە سەپاندنی یەک ناسنامە.
گۆڕانکارییەکانی سوریا کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر عێراق هەیە؛ چونکە ئاسایشی ئەم دوو وڵاتە بە سنوور، پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و مەترسیی تیرۆرەوە بە یەکدی بەستراوەتەوە. ئەگەر سوریای نوێ بەرەو دەوڵەتێکی دادپەروەر و جێگیر بڕوات، دەتوانێت مەترسیی گەڕانەوەی داعش، قاچاخی چەک و شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون کەم بکاتەوە و دەرگای بازرگانی و هاوکاریی هەرێمی بکاتەوە. بەڵام ئەگەر ناکۆکیی نەتەوەیی و مەزهەبی قووڵتر بێتەوە، شەپۆلەکانی نائارامی لە سنوورەکانی سوریا ناوەستن و دەگوازنەوە بۆ عێراق.
چۆنیەتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە سوریا، کاریگەریی سیاسی و دەروونیشی لەسەر پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت. دانپێدانان بە فرەیی و مافە دەستوورییەکان دەتوانێت عێراق هان بدات ئەزموونی فیدراڵیی خۆی بەهێزتر بکات؛ بەڵام سەرکوتکردن و ناوەندگەراییی توند، فشار و ناکۆکییەکانی ناوچە زیاتر دەکات. بۆیە داهاتووی سوریا بۆ عێراق تەنها بابەتێکی دراوسێیەتی نییە، بەڵکو بەشێکە لە ئاسایشی نیشتمانی و هاوسەنگیی سیاسیی خۆی.
هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان سەیری داهاتووی سوریا دەکەن. ئەمریکا، تورکیا، ئێران، ئیسرائیل، ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی، هیچ کامیان خێرخوازی بێبەرژەوەندی نین. لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانیی هەمیشەیی نییە؛ بەرژەوەندیی بەردەوام هەیە. بۆیە کورد نابێت چارەنووسی خۆی تەنها بە بەڵێنی هێزێکی دەرەکی ببەستێتەوە. یەکڕیزیی ناوخۆ، گفتوگۆی کوردی–کوردی و ڕێککەوتنی دەستووری لەگەڵ دیمەشق، بەهێزترین پشتیەوانی مافەکانی کوردن.
هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە نێوانگیری و گواستنەوەی ئەزموونی خۆی، یارمەتیدەری ئەم پرۆسەیە بێت. وانەی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا ئەوەیە: مافێک کە لە دەستوور و دامەزراوەکاندا ڕەگی نەبێت، بە هەر گۆڕانێکی هاوسەنگیی هێز دەکەوێتە مەترسییەوە؛ دەسەڵاتی ناوخۆییش، ئەگەر بە یەکڕیزی، شەفافیەت و بەڕێوەبردنی باش نەپارێزرێت، لە ناوەوە لاواز دەبێت.
سەرکەوتنی سوریای نوێ بەوە ناپێورێت کێ دیمەشقی کۆنترۆڵ کردووە، بەڵکو بەوە دەپێورێت کە ئایا هەموو سورییەکان خۆیان لە دەستوور و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەبیننەوە یان نا. دیکتاتۆری بە هێز دەڕووخێت، بەڵام دیموکراسی بە ڕێککەوتن، متمانە و دادپەروەری بنیاد دەنرێت. ئەگەر کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سوریای نوێدا خۆیان بە هاوبەش و خاوەنماڵ نەزانن، ئەوا بەعس ڕووخاوە، بەڵام عەقڵییەتی بەعس هێشتا ماوە.