ئەخلاق، بەرپرسیارێتی و سیاسەت
د. لوئەی جاف
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
سیاسەت و ئەخلاق دوو چەمکی لە یەک دانەبڕاون. لێرە سێ تێزی گرنگ سەبارەت بەم بابەتە دەخەینە بەردەستی خوێنەران. مەبەستمان زیاتر ووشیارکردنەوەی هەموو لایەنەکانی گۆڕەپانی سیاسی و حکومڕانی هەرێمی کوردستانە کە چرکە بە چرکە لە حزوری ئەم چەمکانەدا بن، بە تایبەتی لەم قۆناغەدا کە حکومڕانی کوردی کاتێکی هەستیاری ژیانی بە سەر دەبات.
یەکەم : سیاسەت و ئەخلاق لە ڕەوانگەی کانتەوە
ئیمانوێل کانت (۱۷۲٤ ـ ۱۸٠٤ ز)، فەیلەسوفی ئەڵمانی و یەکێک لە گەورەترین بیرمەندانی سەدەی هەژدەیەم، لە بەرامبەر تێزو بۆچوونەکانی ماکیاڤێلی وەستایەوە کە دەڵێت سیاسەت یاسای تایبەتی خۆی هەیە و زۆر کات بەرژەوەندی دەوڵەت دەتوانێت پێش بنەما ئەخلاقییەکان بکەوێت.
تێزەکەی کانت جەخت دەکاتەوە کە سیاسەت دەبێت هەمیشە لە گەڵ ئەخلاقدا بگونجێت (یان بگونجێنرێت). واتا هەر ئاکتێک، بڕیارێک یان بابەتێکی سیاسی گشتی، دەبێت بە فلتەری بنەماکانی ئەخلاق و ویژدان و مروەتی مرۆڤ تێپەڕێت. نابێت دەسەڵاتدار درۆ، فێڵ، دەستدرێژی بکاتە سەر موڵکی گشتی یان مافی هاوڵاتیان پێشێل بکات.
بنەمای بیر و فیکر و فەلسەفەی ئیمانوێل کانت ئەوەیە کە مرۆڤ (هاوڵاتی) هەرگیز نابێت تەنها وەک ئامراز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەڵکو دەبێت هەمیشە وەک ئامانجێکی سەرەکی ڕێزی لێ بگیرێت.
ئەم تێزە لە سیاسەتدا مانایەکی قووڵی هەیە بە مانای دەوڵەت بۆ خزمەتکردنی مرۆڤە، نە مرۆڤ بۆ خزمەتکردنی دەوڵەت. بۆیە، لە دیدی کانت، یاسا تەنها ئەو کاتە دادپەروەرە کە کەرامەتی مرۆڤ و ئازادیی تاکەکان بپارێزێت. بە کورتی، هەر سیاسەتێک مافەکانی مرۆڤ لە نان، ئازادی، ئازادی بیروباوەڕ، هتد. پێشێل بکات، لە بنەڕەتدا لە گەڵ ئەخلاق ناکۆکە.
دوەم: ئەخلاقی باوەڕ و ئەخلاقی بەرپرسیارێتی لە ڕەوانگەی ماکس ڤێبەرەوە
لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ماکس ڤێبەر (۱۸٦٤ ـ ۱۹۲٠ ز)، کۆمەڵناس و بیرمەندی ئەڵمانی، پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەتی بە شێوەیەکی ڕوون و واقعبینانەتر لێکدایەوە.
ڤێبەر لە وتارە بەناوبانگەکەی (سیاسەت وەک پیشە، La politique comme vocation)، جیاوازییەکی گرنگ دەخاتەڕوو نێوان دوو جۆری ئەخلاق :
یەکەم، ئەخلاقی باوەڕ
واتە مرۆڤ بە پێی بنەما و باوەڕە ئەخلاقییەکانی خۆی هەڵسوکەوت بکات، تەنانەت ئەگەر ئەنجامەکانی زۆر قورس بێت.
دووەم، ئەخلاقی بەرپرسیارێتی
واتە سیاسەتمەدار تەنها لەبەر نیازی باشی خۆی بەرپرسیار نیە، بەڵکو دەبێت ئەنجامی کردەوەکانی خۆشی هەژمار بکات.
ئەم جیاوازیە گرنگە، چونکە سیاسەت تەنها بواری نیەت پاکی و باوەڕ نیە، بگرە بواری ئەنجامەکانیشە. ئەنجامیش خاڵێکی سەرەکی و سەنگی مەحەکە.
سیاسەتمەدارێک دەتوانێت نیەتێکی پاکی هەبێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکەی زیانێکی گەورە بە کۆمەڵگا بگەیەنێت، نیاز پاکی بە تەنها ناتوانێت ببێتە پاساوی شکستەکان.
لە دیدی ڤێبەر، سیاسەتمەداری باش ئەو کەسە نیە کە تەنها بە دروشم و بنەماکانەوە پابەندە؛ بەڵکو ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بنەما، واقعبینی و هەستی بەرپرسیارێتی لەگەڵ یەکدا کۆبکاتەوە
سێیەم : دابڕینی سیاسەت لە بیرکردنەوە و دادگایی لە ڕەوانگەی هانا ئارێنت
هانا ئارێنت (۱۹٠٦ ـ ۱۹۷٥)، فەیلەسوف و بیرمەندی سیاسی ئەڵمانی ـ ئەمریکی، لە توێژینەوەکانی، بە تایبەتی لەسەر تۆتالیتاریزم، پەیوەندیی نێوان دەسەڵات، ئەخلاق و بەرپرسیارێتیی تاکی بە شێوەیەکی تایبەت لێکداوەتەوە.
یەکێک لە گرنگترین تێزەکانی ئارێنت ئەوەیە کە مەترسی گەورەی کۆمەڵگا تەنها لە کەسانی خراپەوە نایە. بەڵکو لە کاتێکدا دروست دەبێت کە مرۆڤە ئاساییەکان دەست هەڵدەگرن لە بیرکردنەوە و بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئەخلاقی خۆیان. لە لێکۆڵینەوەکانی ئارێنت لەسەر دادگایی ئەدۆلف ئایخمان، بیرۆکەی ئاساییبوونی خراپەی خستەی بەردەست (banality of evil). واتا کارە زۆر خراپەکان دەتوانن لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام بدرێن کە خۆیان بە مرۆڤی ئاسایی دەزانن و بە بێ ئەوەی بە قووڵی لە ئەنجامی کردەوەکانیان بیر بکەنەوە، تەنها دەڵێن: (من تەنها فەرمانم جێبەجێ کرد). ئەگەر تاک، بە بیانووی جێبەجێکردنی فەرمان یان پابەندبوون بە سیستەم، بەرپرسیارێتی ئەخلاقی خۆی لە دەست بدات، ئەوا هیچ دامەزراوەیەکی سیاسی ناتوانێت بە تەواوی لە مەترسیی زۆرداری و پێشێلکردنی مافەکان پارێزراو و بەدوور بێت.
لە دیدی ئارێنت، سیاسەت دەبێت لە شوێنی (ئازادی، گفتوگۆ، جیاوازیی بیروڕاکان و بەشداری هاوڵاتیان) بێت. کاتێک گفتوگۆ و بیرکردنەوە لە سیاسەت وون دەبن، دەسەڵات دەتوانێت بە ئاسانی جێگای داد و ئازادی بگرێتەوە. هیچ سیستەمێکی سیاسی ناتوانێت تەنها بە یاسا و دامەزراوە جێگیر بێت، پێویستی بە کەلتووری بەرپرسیارێتی و ئەخلاقی هەیە.
ئەخلاقی سیاسی تەنها ئەوە نییە کە سەرۆک یان وەزیر درۆ نەکات. ئەخلاق دەبێت لە ناو دامەزراوەکاندا جێگیر بێت. شەفافیەت، بەرپرسیارێتی، جیاکردنەوەی بەرژەوەندیی گشتی لە بەرژەوەندیی تایبەتی، سەربەخۆیی دادگا، ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕێزگرتن لە مافی هاوڵاتیان.
لەو ڕوانگەیەوە، ئەخلاقی سیاسی تەنها سیفەت و خسڵەتێکی کەسی سەرکردە نیی، بەڵکو دەبێت ببێتە بەشێک لە کەلتووری دامەزراوە و کۆمەڵگا.
ئەگەر یاسا هەبێت، بەڵام کەسانی بەڕێوەبەر خۆیان پابەند نەبن بە یاساکان، دامەزراوەکان بەتاڵ دەبن لە ناوەڕۆک. ئەگەر دەنگدان هەبێت، بەڵام هاوڵاتی متمانەی بە سیستەم نەبێت، دیموکراسی وەکو عالیاوەی لێدێت، ناوێکی گەورە و دێیەکی وێران.
لەبەر ئەوە، پەیوەندیی نێوان ئەخلاق و سیاسەت پەیوەندیەکی ئۆرگانیکیە. سیاسەت بێ ئەخلاق دەتوانێت دەسەڵات بەرهەم بهێنێت، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی شەرعیەت و متمانەی بەردەوام بەرهەم بهێنێت.
