ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، درەنگانێکی ئەمشەو بەهۆی هێرشی درۆنییەوە دوو هاوسەر لە گوندی زەرگەزەویی کە خانوەکەیان کرابوە ئامانج شەهید بوون.

ئاسایشی هەولێر، راگەیەندراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بە گوێرەی زانیارییەکان شەوی سێشەممە7ی نیسانی 2026، سەعات 00:15 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاوسەر بە ناوەکانی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) شەهید بوون.

ئاسایشی هەولێر ئیدانەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت؛ ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین.