ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە: بەهۆی قەیرانی وزەوە جیهان روبەڕوی مانگێكی سەخت دەبێتەوە
هەساو ئەمیر
٧ی نیسانی ٢٠٢٦
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداری دەدات بەهۆی قەیرانی وزەوە جیهان روبەڕوی مانگێكی نیسانی سەخت ببێتەوە.
فاتح پیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە مانگی نیسانی بە مانگێكی رەش ناوبردووە و هۆشداریشی داوە، بەهۆی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگەوە جیهان روبەڕوی قەیرانێكی قورسی وزە دەبێتەوە، كە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.
فاتح پیرۆل رایگەیاندووە، پێشتر هەرگیز جیهان پچڕانی دابینكردنی وزەی بەم قەبارەیەی ئێستا بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەوەی ئێستا رودەدات خراپترە لەو قەیرانەی لە ساڵەكانی 1973 و 1979 و 2022دا رویانداوە.
دەشڵێت، شەڕی ئێستای ئێران یەكێك لە شاخوێنبەرە گرنگەكانی ئابوری جیهانی پچڕاندووە و كاریگەرییەكەی بۆسەر زۆرینەی ماددە كیمیاییەكانی تریش درێژ دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ رزگاربوون لەو رەوشە سەختە، قەیرانەكە پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە و ئەتۆمی خێراتر دەكات، بۆئەوەی جیهان بتوانێت ئاسایشی وزە بەدەستبهێنێت.


