رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ  بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، دۆناڵد ترەمپ، لە گفتوگۆ تایبەتەکانیدا رایگەیاندوە، گەشبین نییە بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران  و ئەگەری  فەرمانی هێرشی سەربازی لە شەوی سێشەممەدا بەکاتی ئەمریکا زیاتر بێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن رەنگە سەرۆکی ئەمریکا  فەرمانی ئەنجامدانی هێرشە سەربازییەکان بۆ ئێوارەی سێشەممە دەربکات، هەرچەندە دانوستانەکان بەردەوامن و هێشتا کات ماوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت جەنگی ئێران زیاتر درێژە بکێشێت و ئاگاداری نیگەرانییەکانی هاووڵاتیانی ئەمریکایە، کە دژی ئۆپراسیۆنە سەربازییە درێژخایەنەکانن.
 
جگە لە نیگەرانی هاووڵاتییان، کۆمارییەکان لە ناوخۆی ئەمریکا نیگەرانییەکی زۆریان هەیە لە ئەگەری بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی لە ئەنجامی ئەو گرژییانە، چونکە پێیان وایە ئەمە کاریگەرییەکی نەرێنی راستەوخۆی دەبێت لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی  کۆنگرێس، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دوەمی داهاتودا بەڕێوە بچێت.