بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە رەسمی سەرجەم مارکێت و دوکاندار و فرۆشیارانی ناوچەکەی ئاگادارکردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک جگەرە و ڤەیپ بە منداڵان و مێرمنداڵان نەفرۆشن، بە پێچەوانەوە سزادەدرێن.

عەقید سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ  کوردسات نیوز رایگەیاند، رێکاری یاسایی توند بەرانبەر هەر شوێنێک دەگیرێتە بەر کە سەرپێچی بکات و بەردەوام بێت لە فرۆشتنی ڤەیپ و جگەرە بە تەمەنە بچوکەکان، جەختیشیکردەوە  روبەڕوی سزای یاساییان دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەم بڕیارەیان لەسەر بنەمای مافی منداڵان دەرکردوە و مەبەستیان پاراستنی تەندروستیی منداڵەکانە، هەروەها  کەسوکاری منداڵانیش  داوایانکردوە چارەسەری ئەو پرسە بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان داوای لە دایک و باوکان کرد هاوکاریان بن و ئاماژەی بەوە کرد، هەر خێزانێک هەست دەکات بەهۆی فرۆشتنی ئەو جۆرە بابەتانەوە منداڵەکەیان زەرەرمەند بوون، بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا دەتوانن سەردانی بنکەکانی پۆلیس بکەن.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوش، عەقید سۆران ئەوەی خستەڕوو، کە لە قۆناغی دوەمی پلانەکەیاندا ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە و تێیدا هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوە بۆ خوێندکاران دەستپێدەکەن تا بە دوربن لە بەکارهێنانی جگەرە و ڤیب و هەموو ئەو بابەتانەی دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیان.