بە گوێرەی توێژینەوەیەکی نوێ، ئاینی ئیسلام لە 10 ساڵی داهاتوودا دەبێتە گەورەترین ئاینی جیهان و ژمارەی شوێنکەوتوانی پێش ئاینی مەسیح دەکەوێت.
توێژینەوەیەکی نوێی سەنتەری توێژینەوەی "پیو" و سەنتەری لێکۆڵینەوە پێشکەوتوەکانی دانیشتوان و ئایین لە پۆڵەندا پێشبینی دەکات تا ساڵی 2035ژمارەی موسڵمانانی جیهان پێش مەسیحییەکان بکەوێت و ئیسلام ببێتە پڕدانیشتووترین ئایینی جیهان.
توێژینەوەکە بەرزبونەوەی رێژەی وەچەخستنەوە و نزمیی تێکڕای تەمەنی موسڵمانان بە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە دادەنێت؛ بەپێی دەرەنجامەکان، تێکڕای منداڵبوون لای ژنانی موسڵمان 3.1 منداڵە بەرانبەر بە دوو منداڵ لای ژنانی ناموسڵمان، هەروەها ئەم رێژەیە بۆ ژنانی موسڵمان لە ئەفریقای باشور دەگاتە 5.1 منداڵ.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆستیش، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2070 ژمارەی موسڵمانانی جیهان سێ ملیار و 600 ملیۆن کەس تێپەڕێنێت، لە کاتێکدا تا ئەو کاتە ژمارەی مەسیحییەکان لە سێ ملیار کەس کەمتر دەبێت.
توێژینەوەکە ئاماژە بەوەش دەکات لە نێوان ساڵانی 2020 تا 2070 دانیشتووانی جیهان بە رێژەی 29٪ زیاد دەکات، بەڵام گەشەی دانیشتوانی موسڵمانان 80٪ و مەسیحییەکان 30٪ دەبێت.
هەروەها تا ساڵی 2070 پاکستان دەبێتە خاوەنی زۆرترین ژمارەی موسڵمان لە جیهاندا و کۆماری دیموکراتی کۆنگۆش پێش ئەمریکا بکەوێتەوە وەک ئەو وڵاتەی زۆرترین ژمارەی مەسیحی تێدا دەژی.
لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەکە دەریدەخات کە ناوەندی چڕیی دانیشتوانی مەسیحییەت وردە وردە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکورەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەفریقای باشور و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2070 زیاتر لە نیوەی مەسیحییەکانی جیهان لەو ناوچەیە بژین.
هاوکات لە ئەمریکاش، رێژەی مەسیحییەکان لە کۆی دانیشتوان کە لە ئێستادا نزیکەی 64٪ـە، بۆ 48٪ دادەبەزێت.