تیمێک لە پزیشکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەیەکی بەریتانیا، یەکەم نەشتەرگەرییان لە جیهاندا بۆ دەرهێنانی وەرەمی مێشک بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد ئەنجام دا.

ئەم تەکنەلۆژیا نوێیە کە لەلایەن زانکۆکانی بەریتانیاوە پەرەی پێ دراوە، پێکهاتە وردەکانی مێشک بە رەنگی جیاواز دەستنیشان دەکات و کۆد دەبڕێت، تاوەکو یارمەتی پزیشکانی نەشتەرگەری بدات لە دوورکەوتنەوە لە ناوچە هەستیارەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا، ئەمەش وردیی پرۆسەکە و سەلامەتیی نەخۆش زیاد دەکات.

نەشتەرگەرییەکە لە مانگی ئایاری رابردوودا لە نەخۆشخانەی نیشتمانی بۆ دەمار و نەشتەرگەریی دەمار لە لەندەن، بۆ نەخۆشێک بە ناوی "رێس هیبرت"ی تەمەن 48 ساڵ و دانیشتووی ناوچەی بێدفۆردشایر، بە مەبەستی دەرهێنانی وەرەمێک لە رژێنە گۆپکەیییەکەی ئەنجام درا.

سیستەمی ژیریی دەستکرد کار دەکات لەسەر شیکردنەوەی راستەوخۆ و سات بە ساتی دیمەنە بەپەلەکانی کامێراکان لە ژووری نەشتەرگەریدا، و پێکهاتە دەمارییە وردەکان بە بەکارهێنانی رەنگی جیاواز لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

ئەمەش بە تایبەتی لە ناوچەی رژێنی گۆپکەییدا زۆر گرنگە، چونکە قاڵب و دەمارەکانی بەرپرس لە بینین زۆر لێک نزیکن، بە جۆرێک هەر هەڵەیەک بە بڕی یەک میلیمەتر رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی بینینی نەخۆشەکە.

نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی توانرا وەرەمەکە بە تەواوی دەربهێنرێت و هاوکات چاوەکانی نەخۆشەکەش لە مەترسی بپارێزرێن.

لای خۆیەوە، هیبرت رایگەیاند کە نەشتەرگەرییەکە بینینی رزگار کردووە و لە ئێستاشدا گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی وەک بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی بەشداربووان و خۆبەخشێکی کۆمەڵایەتی.

شایەنی باسە، ئاشکرا بوو کە نەخۆشەکە لە ساڵی 2024دا وەرەمەکەی دەستنیشان کرابوو، و پێشبینی دەکرا بەبێ دەستوەردانی نەشتەرگەری بینینی بە تەواوی لەدەست بدات.

ئەم تەکنەلۆژیایە لەلایەن تیمێکی توێژینەوە لە پەیمانگای "هوکس" لە زانکۆی کۆلێجی لەندەن پەرەی پێ دراوە، و سیستەمەکە بە بەکارهێنانی سەدان ڤیدیۆی تۆمارکراوی نەشتەرگەرییەکانی مێشک ڕاهێنراوە.

لە پێشچوونێکی هاوشێوەشدا، نەخۆشخانەی نیشتمانیی "سانت مارک" بۆ رێخۆڵە، دەستی کردووە بە بەکارهێنانی ئامرازێکی ژیریی دەستکردی هاوشێوە لە دەرەوەی چوارچێوەی توێژینەوەدا، کە بەشە جیاوازەکانی جەستەی نەخۆشەکە بە رەنگی دیاریکراو لە کاتی نەشتەرگەریدا دیاری دەکات. بۆ نموونە، شانە بەستەرەکان بە رەنگی شینی فێرۆزەیی و دەمارەکان بە رەنگی سەوز دەردەکەون، ئەمەش یارمەتی پزیشکان دەدات بە ئاسانی لە یەکتریان جیا بکەنەوە و ناوچە هەستیارەکان لە کاتی نەشتەرگەریدا بپارێزن.

ئەم دەستکەوتە پزیشکییە وەرچەرخانێکی جۆری لە نەشتەرگەریی دەماردا نوێنەرایەتی دەکات، چونکە دەرگا لەسەر نەشتەرگەریی وردتر و ئارامتر بە هۆی ژیریی دەستکردەوە دەکاتەوە. بە سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە پێشەنگەش، پزیشکان ئاواتەخوازن مەودای بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە فراوانتر بکن بۆ ئەوەی نەشتەرگەرییە ئاڵۆزەکانی دیکەش بگرێتەوە، کە ئەوەش ڕەنگە شۆڕشێک لە چاودێریکردنی نەخۆش لە سەرانسەری جیهاندا بەپا بكات.