سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن: زۆر تەنها بووم لەبەرئەوە سیسرکێکم کردە هاوڕێم
٢٤ی ئابی ٢٠٢٦
(زۆر تەنیا بووم لەبەرئەوە سیسرکێکم کردە هاوڕێم) بەم رستە جیاوازە، سانای تاکایچی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن پەردەی لەسەر ژیانی تەنهایی خۆی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لادا.
لە تەمەنی 65ساڵیدا و لە جەرگەی فشاری کارە بەردەوامەکانیدا، تاکایچی ئاشکرای کرد کە دوای ئەوەی فەرمانبەرانی کۆشکەکە سیسرکێکیان لە ژوورەکەی دوورخستووەتەوە، هەستی بە کەمێک تەنهایی و خەمباری کردووە، چونکە پێی وابووە ئەو مێرووە رەنگە بەشێک بێت لە خولی گەڕانەوەی رۆح.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بەهۆی خشتەی کارە چڕەکانییەوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە؛ لەوانەش ئامادەبوونی لە سەعات 3ی بەرەبەیاندا لە نوسینگەکەی بۆ ئامادەکاریی دانیشتنەکانی پەرلەمان، کە ناچاری کردبوو یاریدەدەرەکانیشی لەو کاتەدا کۆبکاتەوە.
تاکایچی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «X» روونیکردەوە کە هەوڵ دەدات لە رۆژانی پشوو و بەیانیانی زوو یان درەنگانی شەودا، تەنها بۆ کارێکی زۆر پێویست لە کۆشکی رەسمی بچێتە دەرەوە، تا بارگرانی دروست نەکات لەسەر تیمی پاراستنی ئاسایشی تایبەتی (SP).
کۆشکی رەسمیی سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کە بینایەکی کۆنە و مێژووەکەی بۆ ساڵی 1929 دەگەڕێتەوە، پێشتر لەلایەن چەندین سەرۆک وەزیرانی پێشووەوە بەوە باسی لێوە کرابوو کە جنۆکەی ێدایە، بەڵام تاکایچی ئاماژەی بەوە کرد هیچ جنۆکەیەکی نەدیوە و تەنها بوونی سیسرکەکان لە بیناکەدا تووشی سەرسوڕمانی کردووە.


