لە بەریتانیا ترس لە دزەپێکردنی فیلمە سینەماییەکان زیادی کردوە و بۆ ئەو مەبەستەش بەکارهێنانی چاویلکەی زیرەک لە نێو سینەماکاندا قەدەغە کرا.

لە سەروبەندی بەرزبونەوەی ترس لە بەکارهێنانی ناڕەوا و پێشێلکردنی مافی کۆپیکردن، سینەماکانی بەریتانیا رێکاری نوێیان دەستپێکردووە بۆ قەدەغەکردن یان سنوردارکردنی چاویلکەی زیرەکی کامێرادار لە ناو هۆڵەکانی نمایشدا، بە تایبەتی چاویلکەکانی کۆمپانیای "میتا" کە بە ژیریی دەستکرد کاردەکەن

ئەم هەنگاوەی سەندیکای سینەماکانی بەریتانیا دوای ئەوە دێت، کە دادگاکانی ئینگلاند و وێڵز بەهۆی رێگرییەکانی وێنەگرتنەوە، بەکارهێنانی هەمان چاویلکەیان لە ناو دادگاکاندا قەدەغە کرد.

سەندیکاکە ئاماژەی بەوەکردوە، یاساکان لە سینەمایەکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازن و هەوڵدەدرێت ئاسانکاری بۆ ئەو کەسانەش بکرێت، کە بۆ پێداویستیی تایبەت بەکاریان دەهێنن.

هاوکات لە ئەڵمانیاش رێکخراوێکی داوکاری مافەکان بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانی تایبەتمەندییەوە، سکاڵای یاسایی لەسەر میتا و فرۆشیارانی ئەو ئامێرە تۆمارکردووە، بە بیانوی پێشێلکردنی ژیانی تایبەتی کەسەکان بەبێ ئاگاداری خۆیان