نیشانە و مەترسییەکانی بەردی زراو چین؟
بڵند
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
بونی بەردی زراو لە ئێستادا کە بەوەتە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکان و پێش ئەوەی ببێتە هۆی مەترسی لەسەر نەخۆشەکە چەند نیشانەیەکی سەرەتایی هەن و پزیشکێکی پسپۆڕ ئاشکرای کردوە و هۆشداریش دەدات بەو کەسانەی ئەو نیشانانەیان هەیە.
میخائیل ماتڤیێڤ، پزیشکی پسپۆڕی پشکنینی ناوەکی، رایگەیاندوە کە هەستکردن بە دڵتێکەڵهاتن و باکردنی سک دوای نانخواردن، دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ بونی بەرد لە زراودا.
بەپێی وتەی ئەو پسپۆڕە، بەردی زراو هەمیشە لە سەرەتاوە ئازاری توند دروست ناکات، بەڵکو لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا تەنها چەند نیشانەیەکی هەیە و دەتوانرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێت.
ئەو پزیشکە دەڵێت؛ لە سەرەتادا تەنها دەبێتە هۆی دڵتێکەڵهاتن، هەستکردن بە تاڵی لە دەمدا و قورسبوون یان ناڕەحەتی لە لای راستی سەرەوەی سک دوای خواردنی چەوری و سوورکراوە، کە هەندێک جار ئازارەکەی بۆ شانی راست درێژ دەبێتەوە.
ئەو پزیشکە رونیشی دەکاتەوە، کە بەهۆی ئەوەی ئەم نیشانانە پێش دروستبونی ئاڵۆزییە گەورەکان دەردەکەون، زۆرجار نەخۆشەکان پشتگوێی دەخەن و دەستنیشانکردنەکە دوادەکەوێت تا ئەو کاتەی توشی ئازارێکی کتوپڕ و توند لە لای راستی سک، هەروەها رشانەوە و تای لەگەڵ دەبێت.
میخائیل ماتڤیێڤ هۆشیاری دەدات، کە مەترسی بەردی زراو تەنها لە ئازارەکەیدا نییە، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی گرتنی بۆرییەکانی زراو و هەوکردنی توندی زراو یان پەنکریاس، کە ئەمەش حاڵەتێکی کتوپڕی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە.


