لەدوایین وێستگەی سەردانە مەیدانییەکەیدا لە شاری سلێمانی، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی ژنانی بەسەرکردەوە و لەلایەن عەمید رێزان رەشید فەرەج فەرماندەی یەکەی 735ـەەوە بە گەرمی پێشوازی لێکرا. 

لەو سەردانەدا عەمید رێزان و ئەفسەران راپۆرتێکی زارەکیان خستەڕوو دەربارەی کەموکورتییەکانی بینا و پێداویستیە سەربازییەکان، سەرباری داواکاری بەهێزترکردنی هێزەکە لەڕووی هونەری و مەعنەوییەوە، لەم بارەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان بە فریادڕەسی هێزی پێشمەرگەی ژنان وەسفکرد تا بتوانێ بەتەنگ داواکارییەکانیانەوە بچێت.

دوای ئەوەی لە نزیکەوە چەند بەش و هۆبەیەکی ناو فەرماندەییەکەی بەسەر کردەوە، خاتوو شاناز بەڵێنی دا بەدواداچونی جددی بکات تا بارەگایەکی شایستە لەئاست گەورەیی رۆڵی ئەو هێزانە دابین بکرێت وەک هەموو هێزەکانی تری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان.