بڕیارە لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیاسای قەدەغەکردنی کڕینی جگەرە بۆ نەوەکانی داهاتوو لە بەریتانیا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی هەموو قۆناغە یاساییەکانی لە پەرلەمان بڕی و تەنها "رەزامەندی پاشایەتی" ماوە بۆ ئەوەی ببێتە یاسایەکی کارا.

ئەم یاسایە رێگرییەکی هەمیشەیی دەخاتە سەر هەر کەسێک کە لە 1ی کانوونی دووەمی 2009 یان دوای ئەو بەروارە لەدایکبووبێت، بە جۆرێک کە هەرگیز لە ژیانیاندا رێگەیان پێ نادرێت بە شێوەیەکی یاسایی توتن بکڕن.

 ساڵانە تەمەنی رێپێدراو بۆ کڕینی جگەرە یەک ساڵ زیاد دەکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو بە تەواوی لە جگەرەکێشان دوور بکەونەوە.

هەرچەندە یاساکە جگەرەی ئەلیکترۆنی بە تەواوی قەدەغە ناکات، بەڵام دەسەڵاتێکی زۆر دەداتە حکومەت بۆ رێکخستنی شێوازی فرۆشتنیان. ئەمەش سنووردارکردنی تامە جیاوازەکان، جۆری پاکەتەکان و چۆنیەتی نمایشکردنیان لە دوکانەکاندا دەگرێتەوە، تاوەکو نەبنە هۆی راکێشانی سەرنجی مێردمنداڵان.

ئەم هەنگاوە لە ناوخۆی بەریتانیا کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە، لایەنگرانی یاساکە و پسپۆڕانی تەندروستی پێیان وایە ئەمە گوشارێکی زۆر لەسەر سیستەمی تەندروستی گشتی کەمدەکاتەوە و تەمەنی هاوڵاتییان درێژ دەکات. لە بەرامبەردا، هەندێک لە خاوەنکاران و هاوڵاتییان گومانیان هەیە لە کاریگەری یاساکە و پێیان وایە ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بازاڕی ڕەش.

حکومەتی بەریتانیا چاوەڕوان دەکات بەهۆی ئەم بڕیارەوە، لە چەند دەیەی داهاتوودا رێژەی جگەرەکێشان لە نێو گەنجاندا بگاتە ئاستی سفر.