22 رابەری ئاینی بودی لە سریلانکا بە 110 کیلۆگرام حەشیشەوە دەستگیر کران
بڵند
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٦
پۆلیسی سریلانکا پەردە لەسەر تاوانێکی شاراوە و تا رادەیەک دەگمەن لادەدات دوای ئەوەی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی وڵاتەکە 22 رابەری ئایینیی بودییان بە تۆمەتی گواستنەوەی 110کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش دەستگیرکرد.
ئەم گروپە ئایینییە کە لە گەشتێکی چوار رۆژەی پشووی شاری بانکۆکەوە دەگەڕانەوە، بڕێکی زۆر لە حەشیشیان لەناو جانتای گەشتیاری و پاکەتی شیرینیدا بە شێوەیەکی زۆر ورد شارابووەوە.
پۆلسی وڵاتەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە، هەر ئەندامێکی گروپەکە نزیکەی پێنج کیلۆگرام مادەی حەشیشی پێبووە.
ئەم دەستبەسەرداگرتنە کە بە گەورەترین پڕۆسەی مێژویی فڕۆکەخانەکە دادەنرێت، بەهاکەی بە زیاتر لە 1.1 ملیار روپیەی سریلانکی مەزەندە دەکرێت، کە بە نزیکەیی دەکاتە 350 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
روداوەکە کاردانەوەی توندی باڵاترین رابەری ئاینیی بودیی لە وڵاتەکەدا لێکەوتوەتەوە و داوای لە حکومەت کردوە، بە توندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدەن کە "پۆشاکی پیرۆزیان" بۆ کاری "ناپاکی" بەکارهێناوە.
پۆلیس دەڵێت؛ لێکۆڵینەوەی ورد دەکەن بۆ دۆزینەوەی ئەو تۆڕە قاچاخچێتییەی لەپشت ئەم روداوەوەیە.



