کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا 'کرملن' بڵاویکردەوە، پوتن لەگەڵ ترەمپ دەربارەی ئێران قسەی كرد و پوتن، چەند پێشنیازێكی خستووەتە بەردەم ترەمپ بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران بە خێرایی.

یوری ئۆشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە دواین پەرەسەندنە نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کردووە.

ئۆشاکۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکە لەسەر داوای ترەمپ بووە و نزیکەی سەعاتێکی خایاندووە، گفتوگۆکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بونیاتنەرانە بەڕێوەچووە، کە تێیدا جەخت کراوەتەوە سەر ململانێی ئێستا و دانوستانە دووقۆڵییەکان.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، هەردوو سەرۆک هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوشی ئێران و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کردووە، ئۆشاکۆڤ وتیشی، ئاڵوگۆڕی بیروڕای قووڵ و بەسوود لەسەر رەوشی ناوخۆیی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە ئەنجامدراوە.

هەروەها رەوشی ڤەنزوێلا و کاریگەرییەکانی لەسەر بازاڕی نەوتی جیهانی تەوەرێکی تری گفتوگۆکانی نێوان پوتن و ترەمپ بووە،هەردووکیان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەم جۆرە پەیوەندییانە بە شێوەیەکی بەردەوام و رێکخراو لە نێوانیاندا بەردەوام بێت.