تاڵیبان: 65 کیلۆگرام قژی ژنانیان لەناو برد
بڵند
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
دادگای باڵای تاڵیبان رایگەیاندوە، بە فەرمانی دادگای یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە کابوڵی پایتەخت 65 کیلۆ مووی ژنیان سوتاندوە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تاڵیبانەوە دۆزراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە پێش دەستبەسەراگرتنی ئەو بڕە مووە، تاڵیبان ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا کۆکردنەوە و هەڵگرتنی قژی مرۆڤی بە نایاسایی داناوە و قەدەغەی کردوە.
دوای هاتنەسەر دەسەڵات، حکومەتی تاڵیبان فرۆشتنی قژی ژنان و کچانی لە ئەفغانستان قەدەغە کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە پێشتر ئارایشتگاکانی خانمان و ژمارەیەک ژن و کچ بەتایبەت بەهۆی هەژارییەوە قژیان دەبڕییەوە و دەیانفرۆشت.
قژی سروشتی خانمان، کە لە ساڵۆنەکانی ئەفغانستان دەبڕدرێن زۆرجار وەک کاڵایەکی بەنرخ لە پیشەسازی جوانکاری جیهانیدا بەکاردەهێنرێت، ئەفغانستانیش یەککە لەو وڵاتانەی کە لیوەی قژی سروستی ژنان هەناردە دەکرێت، دواتر بۆ دروستکردن و درێژکردنەوە و پارچەی قژ بەکاردێت.
بە گوێرەی میدیاکانی ئەو وڵاتە، سەرەڕای قەدەغەکردنی، بەڵام بەهۆی باشی قژەکانیان، قژی ژنانی ئەفغانستان خواستی زۆری لەسەرە و لە ئێستاشدا لە رێگەی نافەرمیەوە بە قاچاخ دەگوازرێتەوە بۆ پاکستان.



