پارێزەرێک لە ئەمریکا سکاڵای یاسایی لەسەر خاوەنی دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتا تۆماردەکات، کە بەهۆی ناوەکەیەوە چەندین جار هەژمارەکانی داخراون.

مارک زوکەربێرگ پارێزەرێکی ئەمریکییە سکاڵای یاسایی لەسەر مارک زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیای مێتا تۆمارکرد، دوایی ئەوەی چەند هەژمارێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بەهۆی ناوەکەیەوە داخراوە.

مارک زوکەربێگری پارێزەر رایگەیاندووە، لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا پێنج جار هەژمارەکانی داخراوە، کە کارە بازرگانییەکانی تێدا ئەنجامدەدا، بەهۆشیەوە چەندین هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە.

زوکەربێرگی پارێزەر ئاماژەی بەوەشکردووە، رەنگە کەس ئەوە نەزانێت، بەڵام چەندین کەس هەمان ناوی خاوەنی کۆمپانیای مێتایان هەیە، بەنمونە پارێزەرێکی مایەپووچ کە ویلایەتی ئیندیانا دەژی، بەهۆی ناوەکەیەوە ئازارێکی زۆر دەچێژێت، چونکە ئەو پارێزەرە مایەپووچ بووە، زوکەربێرگی خاوەنی کۆمپانیاکەش یەکێکە لە دەوڵەمەندەکانی جیهان.

جێگەی ئاماژەیە پارێزەرەکە لەرێگەی هەژماری فەیسبووکەوە کاری ناساندن و پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیارەکان و بریکارەکان ئەنجامدەدات، بەڵام بەهۆی کۆمپانیای مێتاوە لەساڵانی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی زیانی ئابوری بوونەتەوە.

هاوکات، ئەو پارێزەرە زیاتر لە 11 هەزار دۆلاری لە رێکلام کردن لە پەیج و پلاتفۆڕمەکانی مێتا خەرجکردووە.

هەروەها پارێزەرەکە ئەوەشی خستوەتەڕوو، دەبێت شەوانە مۆبایلەکەی بکوژێنێتەوە، چونکە بەردەوام لە رێگەی مەسنجەرەوە هەڕەشەی کوشتن و هەراسانکردنی لێدەکرێت، وا دەزانرێت ئەو بە بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مێتایە.