وەزارەتی گەشتوگوزاری سوریا چەند رێنماییەکی تایبەت بە مەلەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاوکردەوە
هەساو ئەمیر
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
وەزارەتی گەشتوگوزار سوریا چەند رێنماییەکی تایبەت بە مەلەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات، لە جلوبەرگەکانیاندا سەلیقەی گشتی و هەستی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە لەبەرچاو بگرن.
غەیاس فەراح جێگری وەزیری گەشتوگوزاری سوریا قردەکاری رێنماییەکانی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە هاووڵاتیان دەکات پێوەی پابەند ببن.
لە رێنماییەکاندا هاتووە، کە پێویستە هاووڵاتیان رەچاوی کاتی دیاریکراو بۆ مەلەکردن لە شوێنە گشتییەکاندا بکەن، هەروەها لە هەموو شوێنێکدا مەلە نەکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە چاودێری ئەو بۆردی رێنمایی و ئاڵایانە بکەن کە لە رێگەیەوە گۆمی قوڵ و قوڵایی شوێنەکان و جۆری ئاوەکان بە هاووڵاتیان دەوترێت.
ئەوەش خراوەتە روو، پێویستە هاووڵاتیان بۆ مەلەکردن رەچاوی دابونەریتی کۆمەڵگە بکەن و پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا لەبەرچاو بگرن، جۆری جلوبەرگەکان بەپێی جۆری شوێنی مەلەکردنەکە بگۆڕن.
لە وردەکاریی رێنماییکاندا داوا لە پیاوان دەکات بەبێ پۆشاک نەسوڕێنەوە و لانیکەم تی شێرت یان فانیلەیەکیان لەبەردا بێت. داواش لە ژنان دەکرێت، بەسەر جلوبەرگە مەلەوانییەکانیاندا فانیلەیەکی مەلەوانی لەبەربکەن کە بە جەستەیانەوە نەنوسێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە، تەنها شەش مانگ بەسەر رووخانی رژێمە دیکتاتۆرەکەی بەشار ئەسەددا تێپەڕیوە و شەش مانگ بەر لە ئێستا کۆتایی بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هات لە سوریادا، ئێستاش سوریا لەگەڵ کرانەوەی بە رووی وڵاتان و نوێگەرییەکانی جیهاندا، هەوڵ دەدات وڵاتەکەی رێکبخاتەوە.