لە ئیستەنبوڵ كتێبفرۆشێك بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو فشارانەی لەسەر زمانی كوردین، هەڵمەتێكی دەستپێكردووە بەناوی "كتێبە توركییەكەت بهێنە، كتێبێكی كوردی ببە" هەزاران كتێبی لە كتێبخانەكەیدا بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە.

 

شڤان زەرەن خاوەنی كتێبخانەی "لیبێرتا" لە ئیستەنبوڵ هەڵمەتێكی ئاڵگۆڕكردنی كتێبی راگەیاندووە و تیایدا خوێنەران دەتوانن كتێبە توركییەكانیان ببەنە كتێبخانەكەی و لە بەرانبەردا كتێبی كوردی وەربگرن، خاوەنی كتێبخانەكە دەڵێت، زیاتر لە پێنج هەزار كتێبیان بۆ منداڵان و زیاتر لە 10 هەزار كتێبیشیان بۆ پێگەیشتووان ئامادە كردووە و چاوەڕێن خوێنەران سەردانیان بكەن و كتێبە توركییەكانیان بەو كتێبە كوردیانە بگۆڕنەوە.

 

هەڵمەتەكەی ئەو كتێبفرۆشە و ژمارەیەك كەسی تر كە بە كاری هاوشێوە هەستاون دەچێتە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی كوردی لە باكوری كوردستان و توركیا، چونكە لە دەیەكانی رابردوودا و تا ئێستاش فشار و مەترسییەكانی سەر زمانی كوردی زۆر و جددین.