کۆشکی سپی ئەمڕۆ رایگەیاند کە کۆی باجی گومرگی لەسەر چین گەیشتووەتە ٪145 لە کاتێکدا کە تەنها چەند سەعات پێشتر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا راگەیاندبووی باجەکان گەیشتوونەتە ٪125.

ئەم زیادکردنەی باجەکان لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ بڕیاری سەپاندنی باجی گومرگی لەسەر زیاتر لە75 وڵاتی بۆ ماوەی سێ مانگ هەڵپەساردووە، بەڵام چینی لەم بڕیارە بەدەر کردووە.

سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژی چوارشەممە، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس نووسیبووی: "لەبەرئەوەی چین رێز لە بازاڕە جیهانییەکان ناگرێت، لێرەوە ئەو باجە گومرگییە زیاد دەکەم کە لەلایەن ئەمەریکاوە بەسەر چیندا سەپێنراوە لە ١٠٤٪ـەوە بۆ ١٢٥٪، کە دەستبەجێ کاریگەر دەبێت."

ترەمپ جەختی کردبووەوە کە "رۆژانی بەکار هێنانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کۆتایی پێ هاتووە" و هیوای خواستبوو چین لە داهاتویەکی نزیکدا ئەمە درک پێبکات.

بەپێی راگەیەندراوی کۆشکی سپی، زیاتر لە 75 وڵات پەیوەندییان بە نوێنەرانی ئەمەریکاوە کردووە بۆ دانوستان لەسەر چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگە بازرگانییەکان، گومرگی و دەستکاریکردنی دراو.

چەند زانیارییەک سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین

پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین لە ماوەی ساڵانی دواییدا بەردەوام لە گرژی و ئاڵۆزیدا بووە، بەتایبەت لە بواری بازرگانی و تەکنەلۆژیادا. لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ (2017-2021)، شەڕێکی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێکرد کە تیایدا هەردوو لا باجی بەرزیان بەسەر کەلوپەلی یەکتردا سەپاند.

لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی لە 20ـی کانونی دووەمی 2025، سیاسەتی "ئەمەریکا لە پێشەوە" جارێکی دیکە بووەتە بنەمای کارکردنی ئیدارەکەی و ئەمەش کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین هەبووە.

شایەنی باسە، ئابووری هەردوو وڵات بە قوڵی پەیوەندیدارن بە یەکترەوە، وەک دو گەورەترین ئابوری جیهان. بێجگە لە پرسی بازرگانی، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چین کێشەی دیکەشیان هەیە، لەوانە پرسی تایوان، مافەکانی مرۆڤ، سیخوڕی، هەژموونی زلهێزی لە ناوچەی ئاسیای پاسیفیک، و هەڵسوکەوتی چین لە دەریای باشوری چین.

بڕیارەکەی ئەمڕۆی ترەمپ دەربارەی بەرزکردنەوەی باج بۆ 125٪ پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان و نرخی کەلوپەل هەبێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت چین بە شێوەیەکی هاوشێوە وەڵامی ئەم هەنگاوە بداتەوە.