چۆن خۆت لە بەرکەوتن بە هەورەبروسکە دەپارێزیت؟
هەساو ئەمیر
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
هەورەبروسکە، دیاردەیەکی سروشتییە و بە گشتی لە وەرزی زستاندا، بەهۆی بوونی تەزووی بای هەڵکشاو زیاتر روو دەدات.
هەورەبروسکە کرداری خاڵیبوونەوەی کارەباییە، کە لەنێوان بەشەکانی پەڵەهەورێک یان دوو پەڵەهەوری باراناوی بارگە جیاواز، یان لەنێوان پەڵەهەور و باڵەخانەیەک، یان مرۆڤ، درەخت و ئاژەڵ و هەر شتێکی دیکە لەسەری زەوی روو دەدات.
لەناو هەورە باراناوییەکاندا گەردیلە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکان دابەش دەبن، بەجۆرێک بارگە پۆزەتیڤەکان دەچنە سەرەوەی هەورەکان و بارگە نێگەتیڤەکان لە بەشی خوارەوەی هەورەکان دەبن، ئەگەر ئەو بارگانە لە هەورەکەدا لەیەکتر نزیک ببنەوە هەورە بروسکە لەناو هەورەکاندا روو دەدات، کە ئەمەیان مەترسیدار نییە لەسەر مرۆڤ و زیندەوەران و زەوی.
لە دۆخێکدا ئەگەر ئەو هەورانە لە زەوی نزیک ببنەوە کە زەوی بارگەی موجەبە، ئەوا بارگەکە لە زەویدا بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە ئەو بروسکەیەیە مەترسی دروست دەکات.
ساڵانە هەورە بروسکەکان دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس لە جیهاندا، یان بەهۆی بروسکەوە بە سەتان رووداوی ئاگرکەوتنەوە روودەدەن.
بروسکە گەرمییەکەی 30 هەزار پلەی سیلیزییە، کە دەکاتە زیاتر لە پێنج ئەوەندەی گەرمی رووبەری خۆر، لوتکەی تەزووەکەشی دەگاتە 30 هەزار ئەمپێر.
چۆن خۆت لە بەرکەوتن بە هەورەبروسکە دەپارێزیت؟
باشترین کار بیکەیت ئەوەیە لە ماڵەوە بمێنیتەوە و دووربیت لە دەرگا و پەنجەرەوە، ئەگەر لە دەرەوەش بوویت باشترە لە سەرجەم ئەو شتانە دوور بکەویتەوە کە درێژ و بەرزن، هەروەها بچۆ ژێر پرد، یانیش لە ناو ئۆتۆمبێلەکەتدا بمێنیتەوە، بەڵام هەرگیز چەتر بەکارمەهێنە بۆ خۆپاراستن.
دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە درەختەکان و ئاو دووربکەویتەوە، چونکە ئاو گەیەنەرێکی بەهێزە و درەختەکانیش سەرچاوەیەکی باشی خاڵیبوونەوەی بارگەی هەورەکەن.
خۆ ئەگەر لە دەشتودەرێکی تەختدا بوویت، باشترین کار ئەوەیە لە هەموو دار و درەخت و کانزا و هەر شتێکی دیکە دووربیت کە لە دەورتدا هەیە، بەپێی توانا خۆت گرمۆڵە بکە و با سەرت بەرز نەبێت تەنها قاچەکانت لەسەر زەوی بن، ئەگەر چەند کەسێکیش بوون، ئەوا با دووری نێوانتان لە 30 مەتر کەمتر نەبێت.
یاسای 30 بە 30 جێبەجێ بکە
یاسای 30 بە 30 بریتییە لەوەی، کە ئەگەر بروسکە روویدا، ئەوا تاوەکو 30 بژمێرە، ئەگەر گەیشتیتە ژمارە 30 یان بەر لە گەیشتن بە ژمارە 30 گوێت لە دەنگەکەشی بوو، ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت هەورەکە زۆر نزیکە و بایی ئەوەندە مەترسیدارە کە پێویست بکات بە زوویی خۆت بپارێزیت.