تیزەر ترەیلەری فیلمی Rust بڵاوكرایەوە
٧ی نیسانی ٢٠٢٥
دواجار تیزەر ترەیلەری فیلمی (رەست) بڵاوكرایەوە و بڕیاریشە فیلمەكە لە سەرەتای مانگی مایسدا لە هۆڵەكانی سینەما نمایش بكرێ. فیلمەكە لە مانگی نۆڤەمبەری رابردوودا بۆ یەكەمجار لە فێستیڤاڵێكی فیلمدا لە پۆڵەندا نمایش كرا، ئەویش دوای كوژرانی (هاڵینا هیاچینز) سینەماتۆگرافەری فیلمەكە و برینداربوونی دەرهێنەرەكەی لە كاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا لە روداوێكی نەخوازراودا لەسەر سێتی فیلمەكە.
دواجار تیزەر ترەیلەری فیلمی (رەست) بڵاوكرایەوە و بڕیاریشە فیلمەكە لە سەرەتای مانگی مایسدا لە هۆڵەكانی سینەما نمایش بكرێ.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە 3 ساڵ بەسەر رووداوی تەقەكردنەكەی سەر سێتی فیلمی (رەست)، وێنەگرتنی فیلمەكە دەستی پێكردەوە، و لە مانگی نۆڤەمبەری رابردووشدا بۆ یەكەمجار لە فێستیڤاڵێكی فیلمدا لە پۆڵەندا نمایش كرا، ئەویش دوای كوژرانی (هاڵینا هیاچینز) سینەماتۆگرافەرەكەی و برینداربوونی دەرهێنەرەكەی لە كاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا.
وێنەگرتنی فیلمی ڕەست لە مانگی تشرینی یەكەمی 2021 دا لە نزیك شاری نیو مەكسیكۆ دەستیپێكرد، ئەلیك باڵدوین كە كارەكتەری سەرەكیی فیلمەكە بەرجەستە دەكات، دەبوو تەنها فیشەكی ناڕاستەقینە لە چەكەكەیدا بەكاربهێنێت بۆ دیمەنێكی فیلمەكە، بەڵام لە دیمەنەكەدا فیشەكی ڕاستەقینە بەكارهاتوە و ئەو كارەساتەی لێكەوتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێكی پێگەی (ئێن پی ئاڕ) ی ئەمریكی، لە ترەیلەرەكەدا ئاماژە بە ناوی (هاڵینا هیاچینز) كراوە وەك سینەماتۆگرافەری فیلمەكە، شانبەشانی (بیانكا كڵاین) كە درێژەپێدەری كارەكەی ئەو بوو، ئەو دەمەی كە وێنەگرتنی فیلمەكە دەستی پێكردەوە، و ئاماژە ناوی هاوسەرەكەی(هاڵینا هیاچینز) یش كراوە وەك پرۆدیوسەری جیبەجێكاری فیلمەكە.
هەر بەگوێرەی ئەو راپۆرتە داهاتی فیلمەكە بۆ (هاڵینا هیاچینز) و كوڕەكەی دەبێت، ئەویش بەگوێرەی رێكەوتنێكی نهێنی تایبەت بە كەیسی تەقەكردنەكە، و بەرهەمهێنەرانی راستەقینەی فیلمەكە هیچ سودێك لە فرۆشی فیلمەكە نابینن.
دوابەدوای تۆمەتباركردنی بە كوشتنی هاوكارەكەی لە كاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا، دواجار دادگا بێتاوانیی ئەكتەری ئەمریكی ئەڵیك باڵدوینی لەو رووداوە راگەیاند.
رووداوەكە لەكاتی وێنەگرتنی دیمەنێكی فیلمەكەدا بووە كە فیلمێكی وێسترنە و باس لە سەدەی 19 دەكات. باڵدوین لەو فیلمەدا كارەكتەری پیاوێكی یاساشكێن بەرجەستە دەكات كە نەوەیەكی 13 ساڵانی بە تاوانی كوشتن تۆمەتباركراوە.
میلینا سبادۆنی پارێزەری كۆمپانیای بەرهەمهێنی فیلمی (رەست) لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو لە وێنەگرتنی فیلمەكەدا هیچ جۆرە چەك و تەقەمەنییەكی زیندوو بەكارناهێنرێت، و روونیشی كردبۆوە كە تەقەمەنیی زیندوو پێشتر و ئێستاش لەسەر سێتی وێنەگرتنی فیلمە سینەماییەكان قەدەغە كراوە.
بە پێی یاساكانی ئەمریكا سزای كوشتنی بی مەبەست بەهۆی پشتگوێ خستنەوە دەگاتە 18 مانگ زیندانی و پێبژاردن بە بڕی 5 هەزار دۆلار، و لە هەندێك حاڵەتیشدا تا 5 ساڵ زیندانی دەڕوات.
پارێزەرەكەی ئەڵیك باڵدوین ئاماژەی بەوەشكردبوو لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كە باڵدوین نەیزانیوە كە ئەو دەمانچەیەی تەقەی پێكردووە گوللەی راستەقینەی تێدا بووە.
دوای رووداوەكە هەڵمەتێك بۆ قەدەغەكردنی چەكی راستەقینە لە فیلمەكاندا خرایەگەڕ.
رووداوەكە كەرتی فیلمسازیی لە ئەمریكا و جیهانیش دوچاری شۆك كرد، و چەند لایەنێك داوای قەدەغەكردنی بەكارهێنانی چەكی زیندویان كردووە لەكاتی وێنەگرتنی كارە سینەمایی و تەلەفزیۆنیەكاندا.