میدیاکانی ئەمریکا ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ئەوە دەردەکەوێت، پاسەوانێکی کۆشکی سپی منداڵێکی لەباوەشە و دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە بۆلای دایک و باوکی.

ئەنتۆنی گۆلیلمی وتەبێژی خزمەتگوزارییە نهێنییەکانی کۆشکی سپی باسی لەوەکردووە، منداڵەکە توانیویەتی پەرژینە ئاسنینەکانی کۆشکەکە ببڕێت و بچیتە باخچەی باکوری کۆشکی سپییەوە.

ئەوەشی خستووەتە روو، روداوەکە لە سەعات 6 و 30 خولەکی ئێوارەی دوێنێدا رووی داوە، هەرزوو پاسەوانەکانی باخچەکەش منداڵەکەیان بینیوە، دواتر لە باوەسیان کردووە و گەڕاندوویانەتەوە بۆلای دایک و باوکی.

لەو بارەیەشەوە نیک سۆرتۆری رۆژنامەنووسی ئەمریکی ئاماژەی بەوە کردووە، منداڵەکە بایی ئەوەندە بچوک بووە کە بتوانێت بەناو پەرژینە ئاسنینەکاندا تێبپەڕێت.

وتووشییەتی، "ئەم روداوە لە ژیانی منداڵەکەدا دەبێتە چیرۆک و یادگارییەکی گەورە".