پیاوێک لە ئوستورالیا زیاتر لە 100 رۆژ بە دڵی دەستکرد ژیاوە
محەمەد رزگار
١٢ی ئازاری ٢٠٢٥
پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ لە ئوستورالیا زیاتر لە 100 رۆژ بە دڵی دەستکرد ژیاوە، تاوەکو چاندنەوەی دڵی بۆ ئەنجامدرا.
نەخۆشخانەی سانت ڤینسێنت لە شاری سیدنی ئوستورالیا بڵاویکردەوە، لە نەخۆشخانەکە پیاوێکی تەمەن 40 ساڵ بووە یەکەم کەس نەشتەرگەری چاندنی دڵی دەستکردی بۆ ئەنجامدرا، تاوەکو دڵی لە بەخشەرێکەوە وەرگرت و دڵی بۆ چاندرایەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشەکە تووشی سستبوونی توندی دڵ ببوو و زیاتر لە 100 ڕۆژ لەگەڵ دڵێکی دەستکرد، کە پەمپێکی خوێنی تیتانیۆمی بۆ دانراوە بە تەندروستییەکی باشەوە ژیاوە ، پێش ئەوەی چاندنی دڵی بۆ بکرێت.
نەخۆشخانەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو نەخۆشە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی درێژترین ماوەیە کە لەگەڵ دڵی دەستکرد بەسەری بردووە، "ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بەرەو داهاتووی تەکنەلۆژیای دڵی دەستکرد".
نەخۆشخانەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجی درێژخایەن ئەوەیە کە نەخۆشەکان بتوانن تا کاتێکی نادیار لەگەڵ ئامێرەکەدا بژین بەبێ ئەوەی پێویستیان بە چاندنی دڵی ڕاستەقینە هەبێت.