رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، دەرمانی کێش دابەزاندن، رەنگە ببێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی بینین.

رۆژنامەکە باس لە چیرۆکی جەیمس نۆریس تەمەن 56 ساڵ دەکات کە لە مانگی ئازاری 2023 دەستی بە خواردنی دەرمانی "مونجارۆ" کردووە، بەهۆی زیادبوونی کێشی لەشی، دوای ئەوەی نەیتوانی بە رێجیم و وەرزشکردن ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.

ساڵی دواتر نۆریس 40 کیلۆگرامی دابەزاند و وازی لە خواردنی ئەو دەرمانانە هێنا کە بۆ چارەسەری بەرزی پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ دەیخوارد.

بەڵام لە مانگی ئازاری ساڵی 2024، دوای ئەوەی پزیشکەکەی ژەمە دەرمانەکەی بۆ 2.5 میلیگرام زیاد کرد (کە پێشتر بە 1.5 میلیگرام دەستی پێکردبوو)، بەیانییەک لە خەو هەڵسا و بۆی دەرکەوت کە بینینی چاوی چەپی کاڵ بووەتەوە و کزبووە.

دوای دوو هەفتە، بینینی چاوی راستیشی رووی لەکزبوون کردووە.

نۆریس دەڵێت: "دوای "سی تی سکان" و سەردانی پزیشکی دەمار و چاو، تووشی نەخۆشی دەمارەکانی چاو و گیرانی بۆری فرمێسکەکانی چاو بووم".

نەخۆشی گیرانی بۆری فرمێسکەکانی چاو حاڵەتێکە کە دەماری بینین رۆیشتنی خوێن لەدەست دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی بینین.

نۆریس کە لە مانگی تەمموزی 2024 وازی لە خواردنی "مونجارۆ" هێناوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هێشتا کێشەی بینینی توندی هەیە.

توێژەرانی سەنتەری چاوی جۆن ئەی مۆران لە زانکۆی یوتا توێژینەوەیەکیان لە رۆژنامەی JAMA Ophthalmology بڵاوکردەوە کە تێیدا رایانگەیاندووە، ئەو نەخۆشانەی کە سیماگلۆتاید یان تیرزپاتاید کە پێکهاتەی چالاکن لە ژمارەیەک دەرمانی دابەزاندنی کێشدا دەیخۆن، تووشی چەن حاڵەتێک دەبن لەوانە ئەگەری کوێربوون و تێکچوونی دەماری بینین.