رەفتاری رۆبۆتێک لە چین نیگەرانی دروست دەکات و باس لەو مەترسییە دەکرێت کە لە ئەگەری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرددا دەکەوێتەوە و توێژەران دەڵێن، روون نییە لەداهاتوودا تاوەکو چەند ئەگەری ئەوە هەیە رۆبۆتۆکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن و خۆیان سەربەخۆ رەفتار بکەن.

ماڵپەڕی the economic times ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا رۆبۆتێک لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و هێرشدەکاتە سەر ئامادەبووانی فیستیڤاڵێک لە چین.

رۆبۆتەکە نزیکە لەوەی لە ئامادەبووانی فێستیڤاڵەکە بدات، بەڵام هەرزوو لەلایەن ستافی رێکخەری فێستیڤاڵەکەوە دووردەخرێتەوە.

رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە ئەو رەفتارەی رۆبۆتەکەیان بە هەڵەیەکی سادەی رۆبۆتی ناوهێناوە و باس لەوەدەکەن، کلۆمپانیای بەرهەمهێنەری رۆبۆتەکە بەتەواوی پشکنینی نوێ بۆ رۆبۆتەکە ئەنجام دەدات و رێگە نادەن رووداوی لەو جۆرە دووبارە ببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەشێکی توێژەران باس لەوەدەکەن، لە ئەگەری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە رۆبۆتەکاندا، هیچ گرەنتییەک نییە کە رەفتاری رۆبۆتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت و رۆبۆتەکان سەربەخۆ رەفتار نەکەن، بۆیە پێویستە لەکاتی دروستکردنی رۆبۆتەکاندا بە دڵنیاییەوە ئەو خاڵە لەبەرچاو بگیرێت.