ئیسرائیل هێرشکی کردە سەر وەفدی دانوستانکاری بزوتنەوەی حەماس
راهۆز
٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
سوپای ئیسرائیل بە شێوەیەکی رەسمی، وردەکاریی هێرشەکەی بۆ سەر وەفدی دانوستانکاری حەماس راگەیاند و تیایدا هاتووە؛ لە دەوحە هێرش کراوەتە سەر ژمارەیەک لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس، لە سەروویانەوە خەلیل حەییە، سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "سوپای ئیسرائیل و شین بێت (ئاژانسی ئاسایشی ناوخۆیی ئیسرائیل) کەمێک پێش ئێستا بە وردی و ئاراستەکراوانە هێرشیان کردووەتە سەر سەرکردایەتی بزووتنەوەی حەماس."
لە راگەیەندراوە رەسمیەکەدا هاتووە: "سەرکردەکانی حەماس کە کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارێتی راستەوخۆیان لە ئەستۆدایە بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی حەوتی تشرینی یەکەم و بەڕێوەبردنی جەنگ دژی ئیسرائیل."
راگەیەندراوەکە دەڵێت: "پێش هێرشەکە هەنگاو نراوە بۆ خۆدزینەوە لە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی، کە بریتی بووە لە بەکارهێنانی جۆرە تەقەمەنییە وردبینەکان و زانیاریی هەواڵگریی زیادە."
هەروەها، سەرچاوەکان بۆ سکای نیوز عەرەبییە دووپاتیان کردووەتەوە کە تەقینەوەکەی دەوحە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی حەماسی لە دەرەوەی وڵات کردووەتە ئامانج. کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلییەوە گواستوویەتییەوە کە ئەمە "ئۆپەراسیۆنێکی تۆڵەسەندنەوەیە" دژی سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە.
وێنەی سەرکردە کوژراوەکانی حەماس: