کافایین دەتوانێت بەشێک بێت لە سیستەمێکی خۆراکی تەندروست بۆ زۆربەی خەڵک. بەڵام، خواردنەوەی بڕێکی زۆر لێی لەوانەیە مەترسیدار بێت بۆ تەندروستیت. لێرەدا 10 لە دیارترین زیانە لاوەکییەکانی خواردنەوەی زۆری کافایین دەخەینەڕوو:

1_ سەرئێشە

کافایین هاندەری سیستەمی دەماری ناوەندییە و وریاکەرەوەیە، هەربۆیە لە پێکهاتەی هەندێک ئازارشکێندا هەیە وەک "ئێکسێدرین".

بەکارهێنانی زیادەڕۆیی یان وازهێنانی لەناکاوی کافایین لەوانەیە ببێتە هۆی "سەرئێشەی گەڕاوە" (caffeine rebound).

بەکارهێنانی بەشێوەیەکی مامناوەند، بە گشتی سەلامەتە، بەڵام وەرگرتنی بەشێوەیەکی رۆژانە لەوانەیە سەرئێشەی بەردەوام خراپتر بکات و باشترە سنووردار بکرێت.

2. نیگەرانی (Anxiety) و تێکچوونی میزاج

وەرگرتنی بڕێکی مامناوەندی کافایین لەوانەیە لە سەرەتادا میزاج باشتر بکات، بەڵام خواردنەوەی 2 بۆ 6 کوپ لەوانەیە ببێتە هۆی وروژاندنی نیگەرانی لە هەندێک کەسدا.

وەرگرتنی زیاتر لە 400 میلیگرام کافایین لە رۆژێکدا دەکرێت ببێتە هۆی دڵتەنگی.

ئەگەر هەست دەکەیت کافایین کاریگەری نەرێنی لەسەر میزاجت هەیە، بیر لە کەمکردنەوەی بکەرەوە.

3. کێشەی خەوتن (بێخەوی)

خواردنەوەی کافایین پێش نووستن دەتوانێت باشی و قوڵی خەو کەم بکاتەوە و خەولێکەوتن یان مانەوە بە خەوتوویی قورستر بکات.

پێویستە بەلایەنی کەمەوە 6 بۆ 8  کاتژمێر پێش نووستن خۆت لە کافایین بەدووربگریت. هەندێک کەس ڕەنگە پێویستیان بە 12 کاتژمێر بێت.

4. تووڕەیی و بێزاری (Irritability)

کافایین لەوانەیە ببێتە هۆی تووڕەیی، بەتایبەتی لەو کەسانەی کە بڕێکی زۆر بەکاردەهێنن.

ئەو کەسانەی کە نیگەرانی یان کێشەی دەروونییان هەیە، رەنگە بە بڕێکی کەمیش هەست بە بێزاری بکەن.

ئەگەر کافایین وات لێدەکات هەست بە تووڕەیی بکەیت، باشترە کەمتر بیخۆیتەوە.

5. زیادبوونی لێدانی دڵ

کافایین لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکارییەکی سووک لە لێدانی دڵدا، تەنانەت بە خواردنەوەی تەنها چوار کوپ قاوەش.

کاریگەرییەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. ئەو کەسانەی جەستەیان کافایین بەهێواشی شی دەکاتەوە، لەوانەیە بە خواردنەوەی تەنها 2-3 کوپ تووشی کێشەی دڵ ببن.

خێرابوونی لێدانی دڵ لەوانەیە نیشانەی هەستیاری، حەساسیەت، یان کێشەیەکی تەندروستی تر بێت.

6. زیادبوونی هەستکردن بە تینوێتی

تەنانەت وەرگرتنی بڕێکی کەمی کافایین (بۆ نموونە، 1 کوپ قاوە) لەوانەیە هەستی تینوێتی لەو کەسانەدا زیاد بکات کە بە شێوەیەکی بەردەوام نایخۆنەوە.

هەرچەندە بەڵگەی روون کەمە، بەڵام خواردنەوەی بڕێکی زۆر لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ تینوێتی زۆر.

7. میزکردنی زۆر و دووبارە:

کافایین بەرهەمهێنانی میز زیاد دەکات (واتە کاریگەری میزهێنەری هەیە) چونکە کار دەکاتە سەر فرمانی گورچیلەکان و شێوازی مامەڵەکردنی لەش لەگەڵ خوێدا.

ئەم میزکردنە زۆرە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان، کە زیان بە تەندروستی دەگەیەنێت.

8. ئازاری سنگ

ئازاری سنگ کاتێک روودەدات کە رۆیشتنی خوێن بۆ دڵ بلۆک دەبێت. وەرگرتنی بڕێکی زۆری کافایین لەوانەیە ئەم بەرتەسکبوونەوەیە زیاد بکات.

مەترسییەکە بە گشتی کەمە بۆ ئەو کەسانەی رۆژانە تەنها 1-3 کوپ قاوە دەخۆنەوە.

ئاگادارییەکی زۆر گرنگ: ئەگەر دوای خواردنەوەی کافایین تووشی ئازاری سنگ بوویت، دەستبەجێ داوای یارمەتی پزیشکی بکە.

9. مەترسیی نەزۆکی لە پیاواندا

خواردنەوەی زیاتر لە 400 میلیگرام کافایین لە رۆژێکدا لەوانەیە مەترسیی لاوازبوونی توانای منداڵبوون لە پیاواندا زیاد بکات.

10. لاوازبوونی ئێسکەکان

وەرگرتنی زیاتر لە 400 میلیگرام کافایین لە رۆژێکدا لەوانەیە مەترسیی لاوازبوونی ئێسکەکان زیاد بکات.

توێژینەوەیەک دەریخستووە کە خواردنەوەی نزیکەی چوار کوپ قاوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڤیتامینەکانی وەک (B1, B12) و کانزاکانی وەک (کالسیۆم، مەگنسیۆم، سۆدیۆم، پۆتاسیۆم)، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئێسک هەیە.