ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، پێشنیازێکی ڤلادیمیر پوتنی سەرۆکی روسیای، بۆ ئەنجامدانی دانوستان لە مۆسکۆ رەتکردەوە و لە بەرامبەردا رایگەیاند کە پوتن دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ.

رۆژی هەینی،  ڤلادیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیای بۆ سەردانیکردنی مۆسکۆ بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرێکی دیپلۆماسی رەتکردەوە.

زیلێنسکی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ مارسا راداتز، پەیامنێری تۆڕی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمریکی، بۆ یەکەمجار باسی لەو پێشنیازە کرد.

زیلێنسکی لە وەڵامدا وتی: "ئەو (پوتن) دەتوانێت بێت بۆ کیێڤ. من ناتوانم سەردانی مۆسکۆ بکەم لە کاتێکدا وڵاتەکەم رۆژانە رووبەڕووی بۆردومانی مووشەکی دەبێتەوە. ناتوانم بچمە پایتەختی ئەو تیرۆریستە".

هەروەها وتی: "پوتن لەمە تێدەگات".

چاوپێکەوتنەکە لە شوێنی کارگەیەکی ئەمریکی لە رۆژئاوای ئۆکراین ئەنجامدرا، کە بەم دواییانە کرابووە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی روسیا.

سەرۆکی ئۆکراین جەختی لەوە کردەوە کە پوتن بە راستی بەدوای کۆبونەوەدا ناگەڕێت لە کاتێکدا بەردەوامە لە شەڕەکەی لە ئۆکراین. ئەو وتی کە پێشنیازەکەی پوتن تەنها ئامانج لێی "دواخستنی کۆبوونەوەکە" بووە و دووپاتیکردەوە کە خۆی ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک کۆببێتەوە.

زیلێنسکی رونیکردەوە کە پوتن "یاری لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکات" و وتی: "ئەگەر کەسێک نەیەوێت لە کاتی شەڕدا کۆببێتەوە، بێگومان دەتوانێت شتێک پێشنیار بکات کە نە لەلایەن من و نە لەلایەن کەسانی ترەوە قبوڵکراو نییە".

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر، سەرۆک پوتن لە میانی کۆڕبەندی ئابووریی رۆژهەڵات لە ڕۆژی هەینیدا، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ زیلێنسکی لە بەرزترین ئاستدا راگەیاندبوو و وتبووی: "ئەگەر سەرکردایەتیی ئۆکراین جددییە لە خواستی بۆ دانوستان، با بێن بۆ مۆسکۆ، ئێمەش %100 گەرەنتیی ئاسایشیان بۆ دابین دەکەین".

پوتن جەختی لەوەش کردبووەوە کە روسیا ئامادەیە گەرەنتیی ئەمنی تەواو پێشکەش بە زیلێنسکی و شاندی یاوەری بکات ئەگەر بڕیاریاندا بێن بۆ پایتەختی روسیا.