كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان، لینكی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان كارا دەكات.

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، ئێوارەی ئەمڕۆ لینكی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ كارمەندی سەر سندوقەكانی دەنگدان، بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران كارا دەكات.

وتەبێژی كۆمیسیۆنیش دەڵێت، لیژنەیەك بۆ هەڵبژاردنی كارمەندانی سەر سندوقەكانی دەنگدان پێكهێنراوە، فەرمانبەران و دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگەكان دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، دەبێت ئەو كەسەی داواكاری پێشكەش دەكات، لانیكەم بڕوانامەی ئامادەیی هەبێت، هەروەها نابێت لە رابردوودا لەلایەن كۆمیسیۆنەوە هیچ سزایەك درابێت.

ئەوەش لە كاتێكدایە بڕیارە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.