بە بەشدارییەکی زۆری کۆمپانیا گەورەکانی کەرتی تایبەت لە بواری تەکنەلۆژیا و کەرتەکانی دیکە و نزیکەی دوو هەزار بەرپرسی کەرتی تایبەت و گشتی، کۆڕبەندی بازرگانی سعودی-ئەمریکی کە لە ساڵی 1993ەوە دامەزراوە، ئەمڕۆ سێشەممە لە ریاز دەستیپێکرد.

سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و محەمەد ئەلجەدان، وەزیری دارایی سعودیە لە سەرەتای کۆڕبەندەکەدا دانیشتنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا.

 

سکۆت بێسێنت جەختی لەوە کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی لەسەر گەڕاندنەوەی ئابووری ئەمریکایە بۆ بواری بەرهەمهێنان.

هەروەها باسی لە بازرگانیەکان کرد لە گەڵ چین و وتی؛ "هاوسەنگکردنەوەی بازرگانی لەگەڵ چین لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی ترەمپە". و: لە کەرتە ستراتیژییەکاندا خۆمان لە پشتبەستن بە چین بەدوور دەگرین.

لای خۆیەوە ئەلجەدان، وەزیری دەرەوەی سعودیە، باسی لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و سعودیە کرد. جەختیشی کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تادێت پتەوتر دەبێت.

هەروەها وتی: لە ئێستادا کەمترین رێژەی بێکاریمان لە مێژووی سعودیە دا هەیە.

هەروەها ئیلۆن ماسک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا بەشداری لە کۆڕبەندەکەدا دەکات، لەگەڵ ئەندێ جایس بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆن و لاری فینک لە کۆمپانیای بلاک رۆک و دەیڤید ساکس.

فینک لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی سعودیە کرد و وتی؛ سعودیە بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی جیهانی.

شازادەی جێنشینی سعودیە و ترەمپ:

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وتارێکی هاوبەش پێشکەش بکەن و تیایدا تاوتوێی هاریکاری ئابووری و هاوبەشی ستراتیجی بکەن.

میدیاکان باس لەوەدەکەن؛ کۆڕبەندەکە تیشک دەخاتە سەر زیرەکی دەستکرد و پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و وەبەرهێنانەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیە.

بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی سعودیە؛ کۆڕبەندی هەلی بازرگانی سعودیە و ئەمریکا بە سەرۆکایەتی وەزیرانی بازرگانی هەردوو وڵات، گرنگییەکی زۆری هەیە لە پێشخستنی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی سەردەمی ئێستا، لە بوارە جیاجیاکاندا.