وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا (کرێملن) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، وەفدی وڵاتەکەی بە گەرمی خەریکی ئامادەکارییە بۆ دانوستانی نوێ لەگەڵ ئۆکرانیا کە بڕیارە لە تورکیا بەڕێوە بچێت.

دیمیتری پیسکۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە ئێستادا وەفدەکەمان خەریکی دوا ئامادەکارییە بۆ گفتوگۆکان" و وتیشی، ناوی ئەندامانی وەفدی دانوستانکاری روسیا لە داهاتوویەکی نزیکدا رادەگەیەنرێت.

وتەبێژی کرێملن لەبارەی داواکارییەکەی سەرۆکی ئۆکراین، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، کە داوای بەشداریکردنی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتنی کردبوو، هیچ وەڵامێکی نەدایەوە و رەتیکردەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدات.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانی روسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، سەرکردایەتی شاندی روسیا دەکات لە دانوستانەکانی ئیستەمبوڵ.

لە لایەکی دیکەوە، ئاندری یەرماک، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکرانیا لە راگەیەندراوێکدا وتی "ئەگەر پوتن نەیەتە تورکیا، ئەمە بەڵگەیەکی رونە کە روسیا هیچ ئیرادەیەکی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەی دانوستان نییە".

شایەنی باسە دانوستانی راستەوخۆی نێوان هەردوو وڵات بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، لە شاری ئیستەموڵی تورکیا بەڕێوە بچێت، لە کاتێکدا کە شەڕ لە دوای سێ ساڵ هێشتا بەردەوامە.