بە میوانداریی سویسرا.. دانوستانی بازرگانی راستەوخۆ لە نێوان ئەمەریکا و چین ئەنجام دەدرێت
رەوەز
١٠ی ئایاری ٢٠٢٥
سەرچاوە میدیاییەکان ئاشکرایان کرد کە سویسرا میوانداریی دانوستانی بازرگانی راستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و چین دەکات لەم قۆناغەدا، کە گرژییە بازرگانییەکان لە نێوان هەردوو زلهێزدا پەرەیان سەندووە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جیمسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، رۆژی شەممە لە جنێڤ لەگەڵ هی لیفێنگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا دێت کە پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لە دوای سەپاندنی باجی 10% لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەسەر سەرجەم هاوردەکردنەکان بۆ ئەمەریکا زیاتر ئاڵۆز بوون و جگە لەمەش، باجی زیادە لەسەر ژمارەیەک کۆمپانیای بازرگانی چینی سەپێنراوە کە بووەتە هۆی شێواندنی بازاڕەکانی دارایی و بۆرسە.
لەلایەکی ترەوە، کارین کیلەر سوتەر، سەرۆکی سویسرا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا رێککەوتووە بۆ خێراکردنی دانوستانە بازرگانییەکانیان، نوسینگەی نوێنەری بازرگانی ئەمریکاش هەمان زانیاری پشتڕاست کردەوە.
سەبارەت بە ئەگەری کەمکردنەوەی باج لەسەر بەرهەمە چینییەکان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند، "دەکرێت ئەوە روبدات".
ئاماژەی بەوەش کرد "چاوەڕوانی کۆبوونەوەیەکی دۆستانە لەگەڵ چین دەکەم و حەز دەکەم ئامادەیی چین ببینم." ترەمپ لە لێدوانێکی دیکەیدا وتی: "کۆبوونەوەی داهاتوو لەگەڵ چین سەرنجڕاکێش دەبێت."
شایەنی باسە، سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکراشی کردووە، رەنگە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین کۆببێتەوە دوای دانوستانە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا.