بە نێوەندگیری ئەمریکا... ئاگربەست لە نێوان هیندستان و پاکستان راگەیەندرا
رەوەز
١٠ی ئایاری ٢٠٢٥
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ رایگەیاند کە بە نێوەندگیری واشنتۆن، هیندستان و پاکستان گەیشتوونەتە رککەوتنێک بۆ ئاگربەستێکی دەستبەجێ و تەواو.
لە راگەیاندنێکدا، سەرۆکی ئەمریکا پیرۆزبایی لە هەردوو وڵاتی ناوبراو کرد کە "زیرەکانە مامەڵەیان کرد لەم دۆخە هەستیارەدا".
لە لایەکی ترەوە، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی "هەمیشە هەوڵی بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەی داوە، بەبێ ئەوەی سازش لەسەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی بکات".
وەزیری دەرەوەی پاکستان ئاشکرای کرد کە نزیکەی 30 وڵات بەشدارییان لە هەوڵە دیپلۆماسییە چالاکەکاندا کردووە بۆ وەستاندنی شەڕەکە، هەروەها ئاماژەی بە "چالاککردنی کەناڵە سەربازییەکان و هێڵە گەرمەکانی نێوان هیندستان و پاکستان" کرد.
بەپێی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، ئاگربەستەکە لە سەعات 5ـی ئێوارەی ئەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەردوو وڵات پابەند دەبن بە رێککەوتنەکەوە.
شایەنی باسە، ئەم ئاگربەستە دوای چەند رۆژێک لە گرژی و ئاڵۆزی و ئاڵوگۆڕی هێرش لە نێوان هەردوو وڵاتی ناوبراو دێت، کە نیگەرانی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کردبوو.