ئێران: ئەگەر ئەمریکا لە خواستی بۆ نەبوونی بۆمبی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە راستگۆ بێت زۆر پرس چارەسەر دەبن
هەساو ئەمیر
٥ی ئایاری ٢٠٢٥
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا راستگۆ بێت لەوەی نەیەوێت ئێران بۆمبی ئەتۆمی هەبێت، ئەوا زۆر پرس چارەسەر دەبن.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لەبارەی دوایین قۆناغەکانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا باسی لەوەکرد، چاوەڕێی عومان دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان.
وتیشی، داوا لە فەڕەنسا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن کە رۆڵی بنیاتنەر لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا بگێڕن.
دەشڵێت: هەڵوێستە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر ئیرادە و پرەنسیپە جێگرەکانی ئێمە نابێت.
ئەوەشی خستە روو، "ئێمە هەڵوێستی خۆمان خستووەتە روو و لەو رووەوە جێگیرین. ئەگەر خواستی لایەنە ئەمریکییەکان ئەوە بێت کە ئێران بۆمبی ئەتۆمی نەبێت، پێموایە ئەگەر راستگۆ بن زۆر پرس چارەسەر دەبێت".
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای ساڵی 2018 و کشانەوەی سەربەخۆیانەی دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەیان لەگەڵ ئێران، بۆ یەکەمجار لەمساڵدا ئەو دوو وڵاتە دەستیان بە دانوستان کرد لەسەر پڕۆگرامییە ئەتۆمییەکەی ئێران و تاوەکو ئێستاش دوو گەڕی دانوستانەکان بەڕێوەچوون.