سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی سەر بەندەری حودەیدەی یەمەن و ناوچەکانی دەوروبەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ "ئامانجە تیرۆریستییەکانمان تێکشکاند."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئامانجە تیرۆریستیەکانی رژێمی تیرۆریستی حوسی لە بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن، کە نزیکەی 2000 کیلۆمەتر لە ئیسرائیلەوە دوورە".
هەروەها رایگەیاند کە "ژێرخانی حوسییەکانی لە ناوچەی کەناراوی یەمەن کردووەتە ئامانج".
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەم هێرشانە "وەڵامێکە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکان بۆسەر دەوڵەتی ئیسرائیل، کە تێیدا مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تیادا بەکاردێت".
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەدراوە: "هێرش کرایە سەر کارگەی چیمەنتۆی باجل لە رۆژهەڵاتی حودەیدە، کە وەک دامەزراوەیەکی ئابووری گرنگ بۆ حوسییەکان بەکاردەهێنرێت و بۆ دروستکردنی تونێل و ژێرخانی سەربازی سەر بە ڕژێمی حوسی کەڵکی لێوەردەگیرێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای ئیسرائیل بڕیاری داوە بەهێزەوە بەردەوام بێت لە کارکردن دژی هەر هەڕەشەیەک لە سەر هاووڵاتیان و دانیشتوانی ئیسرائیل لە هەر مەودایەکدا کە پێویست بکات".