سوپای توركیا لە برادۆست بازگە دادەنێت و رێگریی لە هاتوچۆی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دەكات، پەكەكەش دەڵێت، سەرەڕای ئاگربەست هێرشەكانی توركیا بەردەوامن.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە برادۆست رایگەیاند، سوپای توركیا لە ناوچەی گەروی سیران بازگەی داناوە و لێپێچینەوە لە دانیشتووانی ناوچەكە و ئەو كەسانە دەكات كە لەو رێگایەوە هاتوچۆ دەكەن.

سوپای توركیا بە دروستكردنی ئەو بازگەیە هاتوچۆی دانیشتووانی ناوچەی دەشتەهێرتی قەزای سیدەکان و گوندەكانی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە، هاوکات، رێگە نادرێت ئۆتۆمبێل لەو ناوچەیەدا هاتوچۆ بكات.

ئەو هەنگاوی توركیا لە كاتێكدایە، لە وەرزی بەهاردا سەدان كەس لە دانیشتووانی گوندەكان سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن بە مەبەستی هێنانی گیای بەهارە.

هاوكات ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل 'هەپەگە' بڵاوی كردووەتەوە، سوپای توركیا لە سێ رۆژی رابردوودا لە چیای جودی و ناوچەی زاپ هێرشی كردووەتە سەر گەریلا و بەهۆی هێرشەكانەوە دوو گەریلا گیانیان لەدەستداوە.