روداوێکی هاتوچۆ لەسەر شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ روداوێکی هاتوچۆ لەسەر رێگای شەقامی پشتێنەیی کەرکوک رویدا و بەهۆیەوە سێ کەس بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

روداوەکە بە جۆرێک بووە، بەپێی وتەی شایەتحاڵەکان بەهۆی تیژڕەوییەوە ئۆتۆمبێلی یەکەم کە لە جۆری پاجیرۆ بووە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە دورگەی ناوەندی شەقامەکەدا، دواتر خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەدا و وەرگەڕاوە.

لە ئەنجامی روداوەکەدا سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلی یەکەم بریندار بوون، وەک شایەتحاڵەکانیش باسی دەکەن، بەپێی ئەوەی ئەوان بینیویانە، یەکێکیان شانی دەرچووە و یەکێکی دیکەشیان بەهەمان شێوە شانی دەرچووە و پشتیشی زیانی پێگەیشتووە.

باسیان لەوەشکرد، ئۆتۆمبێلەکە شەش کەسی تێدا بووە و لە بەغداوە هاتوون.

بەشێوەیەکی گشتی دانیشتووانی ئەو شوێنە باس لەوەدەکەن، زۆرینەی روداوەکانی هاتوچۆ لەسەر ئەو شەقامە بەهۆی تیژڕۆیی و نەشارەزاییەوەیە، کە خەڵکی دەرەوەی کەرکوک شارەزای ئەو شەقامە نین و هەندێک جار خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان دەگاتە سەروو 150 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، بەوهۆیەشەوە لەکاتی پێچکردنەوەیەک یان شتێکی کتوپڕدا کۆنتڕۆڵی دۆخەکەیان پێ ناکرێت.