بەدروشمی "با زیاتر گرنگی بدەین بە پاراستنی تەندروستی مندڵانی تازەلەدایكبوو و ژنانی دوگیان"، رێكخراوی تەندروستی جیهانی یادی رۆژی جیهانی تەندروستی كردەوە.

رۆژی 7ی نیسانی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە رۆژی جیهانی تەندروستی ناسراوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش ساڵانە پەیوەستی دەكات بە بەشێكی تایبەتی لە تەندروستی، بۆ ئەمساڵیش پاراستنی زیاتری منداڵانی تازە لەدایكبوو و دایكانی دووگیان لە جیهاندا  كردووەتە دروشمی ئەم رۆژە.

رێكخراوی یونیسێف و تیمێكی هاوبەشی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش راپۆرتێكیان بڵاویكردووەتەوە، رایانگەیاندووە، لە دوای ساڵی 2023وە ژمارەی ئەو منداڵانەی ساڵانە لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە پێش پێنجەمین ساڵیادی لەدایكبوونیان، بۆ چوار ملیۆن 800 هەزار منداڵ لە ساڵێكدا كەمبووەتەوە كە پێشتر پێنج ملیۆن منداڵی تیدەپەڕاند.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، مردنی منداڵان لە ساڵی 2000ەوە تائێستا بۆ زیاتر لە نیوە كەمیكردووە، هەر چەندە مردنی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵیش كەمیكردووە، بەڵام ئەو رێژەیەی ئێستاش هەر بەرزەو پێویستە كاری زیاتری لەسەر بكرێت، چونكە لە ئێستاشدا لە هەر 18 چركەیەكدا منداڵێكی تەمەن خوار پێنج ساڵان لە جیهاندا گیان لەدەستدەدات، كە هۆكاری زۆرینەیان هەوكردنی سییەكان و مەلاریا و سكچون و رشانەوەیە.

كاترین رۆسێل بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یونیسێفیش رایگەیاند، ملیۆنان منداڵ لە ژیاندان بەهۆی پابەندبوونی خەڵكی و ئاوڕدانەوەیان لەو هۆشداریانەی لەلایەن رێكخراوەكانەوە بڵاودەكرێنەوە، وەك بەكارهێنانی ڤاكسینەكان، خواردنی خۆراكی باش و هەوڵدان بۆ دەستگەیشتن بە ئاوی پاك.

راشیگەیاند، هەرچەندە دەستكەوتی باش لەو بوارەدا بەدەستهاتووە، بەڵام ئەگەر  دایك و باوكان زیاتر وریا نەكرێنەوە بە تایبەتی لە شوێنە دوورەدەستەكان و وڵاتە هەژارەكان، ئەو دەستكەوتانەی كە بەزەحمەت بەدەست هێنراون، لەدەستدەدرێن.

بە پێی راپۆرتێكی رێكخراوی تەندروستی جیهانیش لەبارەی مردنی دایكان لە كاتی منداڵبووندا جیهانی شۆككردووە، چونكە بەپێی راپۆرتەكە لە هەر دوو خولەكێكدا ژنێكی دووگیان لە كاتی لە دایكبوونی منداڵەكەیدا بەهۆی ئاڵۆزییەكانی دووگیانی یان منداڵبوون گیانلە دەستدەدەن، ئەمەش یەكسانە بەمردنی 260 هەزار ژن ساڵانە لە جیهاندا.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشكردوە، سەرەڕای ئەو ئامارە شۆكهێنەرە، بەڵام  مردنی دایكان 40% لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2023 كەمیكردووە، ئەمەش بە شێوەیەكی بەرچاو دەگەڕێتەوە بۆ باشتربوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەكان.

لە لایەكی ترەوە، تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، هۆشداریدا كەمكردنەوەی بودجەی مرۆیی بە تایبەتی لەلایەن ئەمریكاوە كاریگەریی ترسناكی لەسەر چاودێری تەندروستی لە زۆر شوێنی جیهان هەبووە، ئەوەش وایكردوە ئەو پێشكەوتنانەی لەو بوارانەدا بەدەستهاتووە، روو لە خاوبوونەوە و كەمبوونەوە بكات.