لێکۆڵینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە ژیان لەسەر رێگەیەکی قەرەباڵغ بە شێوەیەکی بەرچاو مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، تەنانەت ئەگەر ئاستی پیسبوونیش تیایدا نزم بێت.
ئەم دۆزینەوەیە جەخت لەسەر کاریگەریی ژاوەژاوی هاتووچۆ دەکاتەوە وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئەم مەترسییە تەندروستییە.
توێژەران ئامۆژگاری دانیشتووان دەکەن کە پەنجەرەکان دابخەن یان بچنە ژوورێکی هێمنترەوە بۆ خەو، بۆ ئەوەی لە ژاوەژاوی هاتووچۆ دوور بکەونەوە، چونکە ئەم ژاوەژاوە دەتوانێت فشار دروست بکات و خەو تێک بدات.
لێکۆڵینەوەکە شیکاریی بۆ داتاکانی ژاوەژاوی هاتووچۆ و پیسبوونی دەوروبەری ماڵی 26,723 هاووڵاتی دانیمارکی کردووە کە تەمەنیان لە نێوان 65 بۆ 74 ساڵدایە، و ماوەی چوار دەیە درێژەی کێشاوە. ئەنجامەکان دەریانخستووە کە زیادبوونی ژاوەژاوی هاتووچۆ بە بڕی14.9 دیسیبڵ – کە جیاوازی نێوان کۆڵانێکی هێمن و شەقامێکی سەرەکییە – مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک بە ڕێژەی 12.4% زیاد دەکات.
بە گشتی، ئەو ماڵانەی نزیکن لە رێگە سەرەکییەکان یان هێڵی شەمەندەفەر یان رێڕەوی فڕین زیاتر ژاوەژاویان هەیە. بەڵام، پەیوەندییەکی بەرچاو لەنێوان مەترسیی جەڵتەی مێشک و بەرکەوتنی درێژخایەن بە ماددە پیسکەرەکان وەک تەنۆلکە بچووکەکان، دوانەئۆکسیدی نایترۆجین، یان دوانەئۆکسیدی گۆگرد، نەدۆزراوەتەوە.
دکتۆر ستێفان ماینتز، نووسەری سەرەکی لێکۆڵینەوەکە لە نەخۆشخانەی زانکۆی ئۆدنسێ لە دانیمارک، رایگەیاند: "ژاوەژاوی هاتووچۆ هۆکارێکی مەترسیداری ژینگەییە بۆ تووشبوون بە جەڵتەی مێشک، و بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسییەوە هەیە تەنانەت لە ئاستە نزمەکانی پیسبوونی هەوادا."
ئاماژەی بەوەشدا: "ئەم ئەنجامانە وەک بەشێک لە رێنمایی تەندروستیی گشتیی، بۆ کەمکردنەوەی باری جەڵتەی مێشک جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی ژاوەژاوی هاتووچۆ دەکەنەوە. ئەم توێژینەوەیە پەیوەندی بە ژاوەژاوە کورتخایەنەکانەوە نییە – بەڵکو ژاوەژاوی درێژخایەنی شەو و رۆژە کە خەو تێک دەدات و رێڕەوەکانی فشاری دەروونی چالاک دەکات."
دکتۆر ماینتز، لە کاتی وتارەکەیدا لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە مەدرید، ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە لەسەر شەقامە قەرەباڵغەکان دەژین، هەوڵ بدەن کە ژووری خەوەکەیان هێمنتر بێت و دووربێت لە ژاوەژاو و دەڵێت؛ پەنجەرە و دەرگاکان دابخەن، و پەنجەرەی ژوورەکەتان وا لێبکەن زیاتر رێگری لە دەنگە دەنگ بکات.
هەروەها پێشنیاری کرد کە دەسەڵاتداران خێرایی شەوانە و هاتوچۆی ناپێویست کەم بکەنەوە و بارهەڵگرەکان بەگشتی لە شەقامەکان دووربخەنەوە.