پێگەی ( میدل ئیست ئی) بەریتانی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا فشارێکی زۆری خستۆتە سەر حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستوری ناوبردووە، رونیشیکردووەتەوە، ئەمریکا ترسی ھەیە ھاوکات لەگەڵ قەیرانی وزە لە جیھاندا دەیان کۆمپانیای وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان کارەکانیان لەدەستبدەن.

بە پێی راپۆرتەکەی (میدل ئیست ئی) ئەمریکای ھانی بەغداد داوە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێنەکات، کە ھەرێمی کوردستان ناچار دەکات تەواوی نەوتەکەی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات ، ھۆشداری داوە لە قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابوری لە عێراق.

(باربرا لیڤ) یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەراست رایگەیاندوە، واشنتۆن لە ڕادەبەدەر نیگەرانە لە خێرا جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە مەترسی کشانەوەی کۆمپانیاکانی ئەمریکا و کۆمپانیا بیانییەکانی دروستکردوە.

رونیشیکردووەتەوە، ھەنگاوێکی لەو جۆرە متمانە لە ژینگەی کاری عێراقدا ناھێڵێت و لەوانەیە دەیان لێکەوتەی ئابوری فراوانی ھەبێت کە ھەرێمی کوردستانیش تێپەڕێنن.

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیشیکردۆتەوە، نیگەرانییەکانی وڵاتەکەی بە سەرکردەکانی بەغداد و ھەرێم گەیاندوەو  بەردەوامبوون لە بەدواداچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی قەیرانە ئابورییەکانی وڵاتەکە زیاتر و ئاڵۆزتر دەکات لەکاتێکدا کە بە قەیرانێکی سیاسی قوڵدا گوزەر دەکات .

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە ناوەراستی مانگی شوباتی رابردوودا فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بە نادەستوری ناوبرد و داوایکرد نەوتەکەی رادەستی حکومەتی فیدراڵی بکات، بەڵام حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە سیاسی ناوبرد و رەتیکردەوە جێبەجێی بکات.