دوای پێنج ساڵ، ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد کۆتایی بە کارەکانی دێت و عێراق بۆ "محەمەد کازم ئال سادق"ی جێگری جێدەھێڵێت، کە لەسەر باڵی ئیتڵاعات ھەژمار دەکرێت، ئال سادق کە لە نەجەف لە دایک بووە و زمانی عەرەبی-زاراوەی عێراقی بە باشیی دەزانێت، لە لایەن ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆمار و بە گڵۆپی سەوزی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، بۆ پۆستی باڵیۆزی تاران لە بەغداد و بەڕێوەبردنی دۆسێی عێراق راسپێردراوە.

ئال سادق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەرپرسی دۆسیەی ھەواڵگریی باڵیوێزخانەی ئێران بووە لە عێراق و دوو ساڵیشە جێگری ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێرانە لە بەغداد و دۆستێکی نزیکی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدرە، دانانیشی لە جێگەی ئیرەج مەسجیدی وەک بالیوێزی ئێران، رۆڵی دەبێت لە لێکنزیکردنەوە و رێککەوتنی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق.

دوورخستنەوەی مەسجیدی و دانانی ئال سادق یەکەم ھەنگاوە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئێراندایە، بە تایبەت کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە دۆسێی عێراق لە لایەن سوپای پاسداران و قاسم سولەیمانیەوە ئیدارەدراوە، بەڵام دوای کوژرانی سولەیمانی، ئیسماعیل قائانی سەرکەوتوونەبوو لە بەڕێوەبردنی دۆسێیەکە و دواین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش، کە ھێزە سیاسیەکانی نزیک لە تاران دووچاری شکستی گەورە بوون، گورزێکی تر بوو لە ھەژموونی ئێران لە عێراق.